کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکی تەبلیغی بەربڵاوی ئەندامانی حیزب بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندانەوە

14:20 - 3 رێبەندان 2719

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بە کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتوون، لە شارو گوند و ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بەشێوەیەکی بەربڵاو وگشتگیر بە بۆنەی ڕۆژی ٢ی ڕێبەندان حەفتاوچوارەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، لەلایەن خەڵکی بە ئەمەگی کوردستان و دۆستان و لایەنگران و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بە بڵاوکردنەوەی پۆستێر و وێنە و نووسینی دروشمی تایبەت بەم ڕۆژە پیرۆزەوە جارێکی دیکە سەلماندیان کە حیزبی دێموکرات و مێژووە پاک و بێگەردەکەی هەرمانە و بۆ هەمیشە لە دڵی خەڵکی کوردستاندا دەمێنێتەوە. هەرلەم پێوەندییەدا لە شارەکانی پیرانشار،شنۆ،دیواندەرە،سنە ،مەهاباد، بۆکان، دێولان و هەروەها ناوچەکانی بەربنەی پیرانشار، گوندەکانی قوڕێچیا، و سەر ڕێگای قوڕێچیا دێولان، ڕێگای تازاوا،ڕێگای تاتەڕەشی سەربە دێولان، گوندی برایم ئاوای دیواندەرە کە گوندێکی کوردپەروەر و نیشتمانپەروەرن و شەهیدێکیشیان بە ناوی”شەهید سەعید فەتحوڵاهی” لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا پێشکەشی کوردستان کردوە. گوندەکانی سەر بە شنۆ وەکوو، دێشەمسی شنۆ،سێ ڕیانی نەڵۆسە،پردی جووحە، ڕێگای هێبە، ڕێگای میراوە، ڕێگای کیسەڵاوە و بێتریان، تاژاندەرە ، شێخان وکانی سۆفی هەروەها گوندی دووەیسەی سەربە شاری سنە و سەر ڕێگای چەتان لەو شوێنانە بوون کە بە شێوەیەکی بەربڵاو یادی کۆماری کوردستان کراوەتەوە و چالاکی تەبلیغییان تێدا بەڕێوەچووە. شایانی باسە کە سەرەڕای تێپەڕبوونی ٧٤ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا بەڵام بیر و هزری کۆمار و قازی محەممەد هەرلە دڵی خەڵکی کوردستاندا تازەیە و هەموو ساڵێک پەیمانی کوردایەتی و نەتەوایەتی نوێ دەکرێتەوە. لەلایەن کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانەوە، وێڕای پیرۆزبایی دووی ڕێبەندان، سپاس و ڕێزی خۆمان ئاڕاستەی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبەکەمان دەکەین کە بەوپەڕی ئازایەتی و فیداکاریی هەردەم لە مەیداندان و هەموو کات دژ بە داگیرکەرای کوردستان دەوەستنەوە و بیروهزری کوردایەتی پەرە پێدەدەن و هەمیشە وەفاداری ڕێگەی پێشەوای سەرۆک کۆماری کوردستان و سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی گەل و نیشتمانەکەمانن.