کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوونە دەرەوەی فڕۆکەیەکی ئێرانی لە باندی فڕۆکەخانە

17:48 - 7 رێبەندان 2719

فڕۆکەیەکی ئێرانیی هێڵی ئاسمانیی “کاسپییەن” کە لە تارانەوە بەرەو ماهشەهر دەفڕی، بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە لە باندی فڕۆکەخانە چووە دەرەوە. هەواڵدەریی “ئیسنا” لەسەر قسەی “موحسن بەیرانوەند” فەرماندەی ماهشەهر ڕایگەیاندووە کە ئەو فڕۆکەیە ڕۆژی دووشەممە ٧ـی ڕێبەندان لە تارانەوە بەرەو ماهشەهر فڕیوە، بەڵام دوای نیشتنەوەی خێرای کردووە و کۆنترۆڵی خۆی لەدەست داوە و لە فڕۆکەخانە چووەتە دەرەوە و کەوتۆتە سەرشەقامەکانی دەوروبەری فڕۆکەخانە. فەرماندەی شاری ماهشەهر لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە کە هیچ کەس بریندار نەبووە و هیچ کێشەیەک پێش نەهاتووە. هەروەها “ڕەزا جەعفەرزادە” ڕاوێژکاری ڕێکخراوی فڕۆکەوانیی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئەو فڕۆکەیە ١٣٥ مسافیری تێدا بووە کە بە خۆشییەوە هیچ کەس بریندار نەبووە بەڵام فڕۆکەکە زیانی بەرکەوتوە. شایانی باسە کە ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامی خێرا دوای ئەو ڕووداوە ڕایانگەیاندووە کە هۆکاری نیشتنەوەی فڕۆکەکە نەکرانەوەی لاستیکەکانی بووە، بەڵام وادیارە کە کێشەیەکی تەکنیکیی گەورە ڕووی داوە. هەواڵدەریی تەسنیم ئاشکرای کردووە کە ئەو فڕۆکەیە جۆری بوویینگ بووە. شایانی باسە کە بەهۆی ئەو ڕووداوە و نیشتنەوەی فڕۆکەکە لە سەر یەکێک لە شەقامەکان بۆتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێی خەڵک و لەم ماوەیەدا ئەوە دووهەم جارە کە کارەساتی لەو چەشنە ڕوودەدا کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمی کاربەدەستانی بەشی فڕۆکەوانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.