کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریكا لە ڕۆژئاوای كوردستان ئۆپەراسیۆنەكانی دەست پێ دەكاتەوە

17:54 - 7 رێبەندان 2719

ئەمریکا ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعشی لە ڕۆژئاوا دەست پێکردەوە و بڕیارە حەفتانە چوار ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدەن و بۆ یەكەم جاریش سەردانی ناوچەیەكی “حەسەكە” دەكەن. کێنێس مەکێنزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سپای ئەمریکا ڕایگەیاند، لەگەڵ ھێزەکانی سوریای دێموکرات (ھەسەدە) دەستیان بە ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعش کردۆتەوە و حەفتەی سێ بۆ چوار ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەن. مەکێنزی دەشڵێ سەرەڕای ئەوەی لە ٣ی ئەم مانگەوە بەھۆی ئەو ھێرشانەی کە دەکرانە سەر بنکە سەربازییەکانمان ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعشمان ڕاگرتبوون، بەڵام لە ڕۆژئاوای كوردستان و لەگەڵ ھێزەکانی سوریای دێموکرات دەستمان بە ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعش کردۆتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی  ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعشی لە عێراق ڕاگرتوون. شایانی باسە کە بۆ یەكەمجار ھێزەكانی ئەمەریكا گەڕێكی چاودێرییان لە شارۆچكەی “تلبەرەكی” رۆژئاوای كوردستان ئەنجامدا. دوێنێ ٥ی ڕێبەندان ھێزەكانی ئەمەریكا لە شارۆچكەی “تلبەرەک” كە دەكەوێتە باشووری قامیشلۆ و ٤٢ كیلۆمیتر لە ناوەندی حەسەكەوە دوورە، گەڕێكی چاودێرییان ئەنجامدا و دابەزیونەتە نێو خەڵک و پێیان ڕاگەیندوون کە لە ناوچەكە دەمێننەوە و دەیانپارێزن.