کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سماندنی چەند وشەیەکی بڤە

21:17 - 16 جۆزەردان 2720

لەو سات و زەمانەوە مرۆڤ لە ژیانی زۆر سەرەتاییەوە دەرچووە، ئەزموونی کۆ کردوەتەوە و بووەتە خاوەنی کولتوور و دەسەڵاتی خۆی، هەرکەس و تاقم و گرووپ و حیزب و کۆمەڵ و سەندیکا و یەکیەتی و ئەنجومەن و حکوومەتێک لە گۆشەنیگا و ڕوانینی خۆیەوە خەریکی یەکدەست‌کردنی دەسەڵاتە بەڵام ناوی دەنێ "ئەرک". دیارە "ئەرک" ڕاسپاردە و پێداویستیی جێبەجێ‌کردنی کارێک یان کۆمەڵێک کارە. وشەی "ئەرک"ـیش وەک زۆر وشە و دەستەواژەی دیکە، هێندێک جار لە لایەن بەکاربەرانی زمانەوە دەبێتە "حەلوای بەر شەپان" و لەبەر شەپشەپێنی ئەم و ئەو ناکەوێتەوە زەوی. یەک دەڵێ "ئەرک"ـی خۆم بەجێ دەگەیەنم، یەکێکی دیکە دەڵێ من ئەم "ئەرک"ـەم لەسەر شانە و یەکێکی دیکەی دیکەش پێی وایە ئەمە "ئەرک"ـی ئەو نییە. بەڵام کەم جار هەڵدەکەوێ کەسێک "ئەرک"ـی خۆی جێبەجێ بکا. دارسمەش هەر وایە. لە ڕاستییدا سماندن و کۆڵینی کۆتەرەی درەختی باغ و بێشەڵان و لێڕەوارەکان "ئەرک"ـی دارسمەیە، بەڵام ئەویش وەک ئێوە ئەرکی خۆی جێبەجێ ناکا و خەریکی سماندنی هەموو شتێکە و تەنیا لە سماندنی داران خۆ دەبوێرێ. هەر دارسمە نییە، زۆر کەسی دیکەش خۆ لە "ئەرک"ـی ڕاستە‌قینەیان دەبوێرن و دوای ئەرکی "خوارەقینە" دەکەون. ("خوارەقینە"ش وشەیەکی تێکەڵاوە و لە بەرانبەر وشەی "ڕاستەقینە"دا بە تەشوێی "دارسمە" داتاشراوە.) منیش خەریکم لەم نووسینەدا لە "ئەرک"ـی خۆم خۆ دەبوێرم و باسەکە بە لاڕێدا دەبەم. لە دێڕی یەکەمدا دەردەکەوێ نووسەر بەتەمایە باس لە یەکدەست‌کردنی دەسەڵات بکا، بەڵام خەریکە لە پشت وشەی "ئەرک" خۆی حەشار دەدا و بە تەمایە خۆی ببوێرێ. دیارە "ئەرک" و "یەکدەست‌کردنی دەسەڵات" پێوەندییەکیان بەیەکەوە هەیە. ئەویش ئەمەیە هەموو کەس یەکدەست‌کردنی دەسەڵات بە "ئەرک"ـی خۆی دەزانێ. هەر کەس و تاقم و حیزب و کۆمەڵ و سەندیکا و یەکیەتی و ئەنجومەن و حکوومەتێک پێی‌وایە بە یەکدەست‌کردنی دەسەڵات، خزمەتێکی گەورە دەکا. "خزمەت"ـیش وشەیەکی سەیر و سەمەرەیە. "خزمەت" بە نەتەوەکەم دەکەم. "خزمەت"ـکاری ئێوەم و بۆ "خزمەت"ـی چینی هەژار و بەلەنگاز هاتووم. ئەمانە و سەدان ڕستە و دەستەواژەی لەم جۆرە بە وشەی "خزمەت" دەڕازێنەوە، بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ، هەرچی "ئەرک" و "خزمەت"ـه بۆ "بەرژەوەندی" دەگەڕێتەوە. ئای لەبەر "بەرژەوەندی"! ئیدی ئەمەیان بنێشتە خۆشەی نێو دەمی زۆر کەسە. "بەرژەوەندی"ـی نەتەوەیی، "بەرژەوەندی"ـی نیشتمانی، لە "بەرژەوەندی"ـی چینی چەوساوەدا و جگە لەمانە، دەتوانین دەیان ڕستە و دەستەواژەی جوانیش لە "بەرژەوەندی"ـی وشەی "بەرژەوەندی"ـیدا دروست بکەین، بەڵام هیچکامیان ناگەنە، "بەرژەوەندی"ـی تاکە کەسی. ئەگەر سێ وشەی "بەرژەوەندی"، "خزمەت" و "ئەرک"ـیش بدەن بە "دارسمە"، وەک قوتابییەکی گوێ‌لەمست و لێهاتوو هەرسێک وشەکە لە ڕستەیەکدا کۆ دەکاتەوە و دەڵێ: ""خزمەت"ـکردنی "بەرژەوەندی"ـی تاکە کەسی "ئەرک"ـی هەموو تاکێکی زیرەکە." با لەم هەڵچنینی فەلسەفە و مەلسەفەیە دوور بکەوینەوە و بگەڕێینەوە سەر ئەو "ئەرک"ـەی لە دێڕی یەکەمدا بە خۆمان ئەسپاردبوو. ئەویش سماندنی یەکدەست‌کردنی دەسەڵاتە. با سوێندێکیش بۆ خوێنەری بەڕێز بخۆم و بڵێم سەدجار بەو کۆتەرەدارەی بە هیوای کۆڵینی چەنگم لێی قایم کردوە و بە دەنووک کوتاومە، مەبەستم لە یەک‌دەستی، ئەو کابرا ڕەقەڵە کز و بابردەڵە جنێوفرۆشە یەک‌دەستەی نێو عەبا قاوەییەکە نییە. لە کوێ ئەوە مەبەستی منە؟ بە من چی کابرا لە بەرژەوندیی خۆیدا بۆئەوەی خۆی بە ستەم‌لێکراو نیشان بدات، بۆمبێکی بچووکی لە نێو ئامێری تۆمارکردندا لە بەردەمی خۆیدا داناوە و بۆمبەکەش بە دەستی چەپیدا تەقیوەتەوە و دوایی ڕێگەی بۆ خۆش کردوە لە مەجلیسی خوبرەگان بیکەن بە گەورە و دەمڕاست و دەسەڵاتدار و "ئەرک"ـی پێ‌بسپێرن و پاشان هەموو شتێک بخاتە "خزمەت"ـکردنی "بەرژەوەندی"ـی خۆیەوە. نە ئەمە قسە و مەبەست و "ئەرک"ـی منی دارسمەیە و نە لە "خزمەت"ـی "بەرژەوەندی"ـی من‌دایە. هەر لەبەر ئەمەشە ئەم شتانە لە من ناوەشێنەوە. هیچ لە من ناوەشێتەوە، بڵێم: ئەوە خولی یازدەی مەجلسی ئێرانیش دەستی پێکرد و کابرا یەک‌دەستەکە بە مەبەستی یەکدەست‌کردنی دەسەڵات هەرچی کۆنەپاسدارە لەژێر سەرۆکایەتیی حەمەباقری قالیبافدا (قالیبافی چی؟ نازانێ سەوەتەش بچنێ)، کۆی کردوونەتەوە و کردوونی بە نوێنەرانی هەموو چین و توێژ و ڕەگەز و نەتەوە و چین و توێژەکانی ئێرانی شێوەپشیلەی پشیلەسفەت. هیچ مەبەستی منیش ئەوە نییە بڵێم پشیلە بێ‌سفەتە و هەرچەندە گۆشت و خۆراکی خۆشی پێ‌بدەی وەک سەگ بەوەفا نییە و لە دەرفەتێکدا چنگوڕکت لێ‌دەگرێ و دەدڕنێ. پشیلە و سەگیش کەیفی خۆیانە بێ‌سفەت دەبن یا بەوەفا. ئەوە من نیم بۆیان دیاری دەکەم. خۆیان خاوەنی دەسەڵاتی خۆیانن و هەر خۆیان ئاگەداری "ئەرک" و "بەرژەوەندی"ـی خۆیانن. هەر لە بنەڕەت‌ڕا خوووخدەی سەگ و پشیلە و کابرای یەک‌دەست و یەکدەست‌کردنی دەسەڵات و ئەرک و خزمەت و بەرژەوەندی بە من چی؟ هەر لەخۆڕا بەسەر ئەم بابەتە "بڤە‌"یەدا کەوتم، بڕۆن خۆتان بیری لێ‌بکەنەوە.