کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنفرانسێک بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە چالاکییەکانی کۆماری ئیسلامی لە سوید، بەڕێوە چوو

12:24 - 19 بانەمەڕ 2724

ڕۆژی سێشەممە ١٨ی بانەمەڕ بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە چالاکییەکانی کۆماری ئیسلامی لە سوید، کۆنفرانسێک لە پارلەمانی ئەو وڵاتە بە بەشداربوونی دوو کەس لە نوێنەرانی پارلەمان و ڕێکخراوی یەکگرتوویی دژی ئێرانی ناوکی بەڕێوە چوو.

عەلیڕەزا ئاخوندی نوێنەری بە ڕەچەڵەک ئێرانیی پارلەمانی سوید بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستبوونی ناساندنی سپای پاسداران وەک گرووپێکی تێرۆریستی ڕایگەیاندووە کە تاکوو ئێستا بەم ڕادەیە پێویست نەبووە کە بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ چالاکییە دوژمنکارانەکەی کۆماری ئیسلامی لە ئورووپا، سپای پاسداران بخرێتە نێو لیستەی گرووپە تێرۆریستییەکانەوە.

بەشداربوووانی کۆبوونەوەکە وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی لە شەڕی ئۆکرایندا، لەسەر گرینگیی بەرەوڕووبوونە لەگەڵ کەڵکوەرگرتنەکانی ئێران لە ناوەندە پەروەردەیی و توێژینەوەییەکانی وڵاتانی ڕۆژاوایی و بەتایبەتی سوید جەختیان کردووەتەوە.

لە کۆنفرانسەکەدا کۆمەڵێک ڕاپۆڕت سەبارەت بە ڕۆڵی زانکۆکانی سوید لە گواستنەوەی زانست و تێکنۆلۆژی بۆ کۆماری ئیسلامی و کەڵکوەرگرتنی سپای پاسداران لەم توێژینەوانە بۆ مەبەستی سەربازی خرایە ڕوو.

لەم پێوەندییەدا ڕێکخراوی یەکگرتوویی دژی ئێرانی ناوکی لە ڕاپۆڕتێکی توێژینەوەییدا لە ڕۆژانی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە لێکۆڵینەوەکانی ئەم ڕێکخراوە دەریخستووە، سپای پاسداران لە توێژینەوە زانستی و تێکنۆلۆژییەکانی ٨ زانکۆی سوید کە هاوکاریی زانستییان لەگەڵ زانکۆکانی ئێراندا هەبووە بە مەبەستی پەرەدان بە بەرنامە سەربازییەکانی کەڵکی وەرگرتووە.

ئەم ڕێکخراوە زیادی کردبوو کە بەپێی ڕێککەوتننامەیەک لە نێوان هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامی و وەزارەتی زانستی ئێران کە لە ساڵی ١٣٩٠ واژۆ کراوە، زانکۆکانی ئێران ئەرکدارن کە هەموو توێژینەوە تێکنۆلۆژی و زانستییەکانیان ڕادەستی سپای پاسداران بکەن.

شایانی باسە کە بەشێکی سەرەکیی دانیشتنەکەی ستۆکهۆڵم سەبارەت بەم پرسە و هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ پەرەدان بە دەستڕۆیشتوویی خۆی لە ئاستە نێونەتەوەییەکاندا لە ڕێگەی زانکۆکان و ناوەندە توێژینەوەییەکانی ئورووپا بوو.