کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی پێوەندییە کوردستانییەکانی حیزب لە دەرەوەی وڵات

18:11 - 9 پووشپەڕ 2720

بە مەبەستی تاوتووێکردنی چەند بابەتێکی پێوەندیدار بە پێوەندییە کوردستانییەکانی حیزب لە دەرەوەی وڵات، ڕۆژی شەممە ٧ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، کۆبوونەوەیەک بۆ کاک "عومەر باڵەکی"، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بەرپرسی دەورەیی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران پێک‌ هات. لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا "کەریم رەسووڵی"، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی پێوەندییە کوردستانییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات، ئامانج و تەوەری کۆبوونەوەکەی خستە ڕوو . پاشان "عومەر باڵەکی"، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزب، بە ئاماژە بە گرینگی ئەو جۆرە کۆبوونەوانە، وێڕای سواسی کۆمیتەی دەرەوە و پێوەندییە کوردستانییەکانی حیزبی لە دەرەوەی وڵات، گوتی: "پرسی پێوەندی و دۆستایەتی حیزبی دێموکرات لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکانی دیکە، بۆ حیزبی دێموکرات هەمیشە بابەتێکی گرینگ بووە و، لە پێناو بەرژەوەندیی نەتەوەییدا، سیاسەتی حیزبی دێموکرات پێکهێنانی کۆدەنگی زیاترە لە نێوان هێز و لایەنە کوردستانییەکاندا." لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، کاک عومەر باڵەکی تیشکی خستە سەر سیاسەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەرانبەر بە هێز و لایەنە سیاسییەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان و ڕایگەیاند: "لەگەڵ هیچ هێزێکی کوردی لە پارچەکانی کوردستان کێشەمان نییە و لەگەڵ زۆربەیان پێوەندیی و دۆستایەتیمان هەیە". بەرپرسی دەورەیی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، هەروەها تیشکی خستە سەر کۆمەڵێک پرسی پێوندیدار بە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و گوتی: " بەهۆی ئەوەی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا کۆمەڵێک لێک‌دابڕان لە ڕیزی حیزبە کوردییەکاندا ڕوویان داوە، پێکهێنانی ناوەندی هاوکاری هەنگاوێکی زۆر باش بوو بۆ لێک‌نزیک‌کردنەوەی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دروستکردنی هاوهەڵوێستی لە نێوان ئەو لایەنانە لە پێوەندیی لەگەڵ پرسە گرینگ و چارەنووسازەکاندا." هەر لەم بارەوە کاک "عومەر باڵەکی"، بە ئاماژە بەوەی کە کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستی بە دروستکردنی ئەدرەسێکە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دنیای دەرەوە، ئاماژەی بەوە دا کە ئەم ناوەندە دەتوانێ لە داهاتوودا ئەو دەورە بگێڕێ و پێویستە هەموو لایەک بۆ ئەو بابەتە هاوکار بن. لە بەشی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا بەشداران لەسەر تەوەری کۆبوونەوەکە و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات لە مامەڵە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا، سەرنج و پرسیارەکانی خۆیان خستەڕوو کە دواتر لە لایەن کاک "عومەری باڵەکی"یەوە وڵام درانەوە. شایانی باسە، لەو کۆبوونەوەدا، هەر یەک لە بەڕێزان "حەمەڕەسووڵ کەریمی"، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب و بەرپرسی تەشکیلاتی حیزب لە دەرەوەی وڵات و "مادیح ئەحمەدی"، بەرپرسی پێوەندییە کوردستانییەکانی حیزب لە دەرەوەی وڵات و "حەسەن حاتەمی"، بەرپرسی پێشووی پێوەندییە کوردستانییەکانی حیزب لە دەرەوەی وڵات، بە وتە و سەرەنج و تێبینییەکانیان، کۆبوونەوەکەیان دەوڵەمەندتر کرد. لەم کۆبوونەوەیەدا بەرپرسانی کۆمیتەکانی دەرەوەی وڵات و بەرپرسانی بەشی پێوەندییە کوردستانییەکانی کۆمیتەکان بەشدار بوون.