کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێک لە بریتانیا بۆ مەحکووم‌ کردنی سزای ١٠ ساڵ زیندانی بە سەر “زارا محەممەدی”ـدا

03:59 - 4 گەلاوێژ 2720

بە مەبەستی شەرمەزارکردنی سیاسەتی سەرکوت و تیرۆر و تۆقاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران و سەپاندنی سزای ناعەدڵانە و ١٠ ساڵ بەند کران بە سەر چالاکی فەرهەنگی و مەدەنیی “زارا محەممەدی”ـدا، پاش‌نیوەڕۆی ڕۆژی پێنج‌شەممە  ٢ی گەلاوێژی ٩٩ی هەتاوی، کۆمیتەی بریتانیای حیزبی دیموکراتی کوردستان بە هاوکاریی ڕەوەندی کوردی لەو وڵاتە، خۆپیشاندانێکیان لە بەردەم باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لەندن بەڕێوە برد. لەگەڵ ئەوەی بە هۆی نەخۆشی کۆرۆنا ڕێوشوێنی تایبەت لەبەر چاو گیرابوو، بەڵام سەرەڕای ئەوەش کۆمەڵێکی بەرچاو لە کوردانی دانیشتووی ئەم وڵاتە لەو خۆپیشاندانەدا بەشدار بوون. سەرەتا پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە لایەن بەڕێز کاک “ئاوات عەبدوڵڵازادە”وە خوێندرایەوە. پاشان وتەکانی “زارا محەممەدی”کە پێشتر لە گرتە ڤیدیۆیەکدا لەسەر چالاکییە مەدەنی و فەرهەنگییەکانی “ئەنجومەنی نوژین” لە دە ساڵی ڕابردوودا پێشکەشی کردبوو، بڵاو کرایەوە. لە بەشێکی تری ئەو خۆپیشاندانەدا، بەڕێز کاک “یونس موکری” وتەیەکی بە زمانی ئینگلیسی لەسەر ژیانی خاتوو “زارا” و مەحکووم کردنی ئەم سزایە و هەروەها داوای پشتیوانیی نێونەتەوەیی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم بڕیارە پێشکەش کرد، دواتر بەڕێز کاک “عەبدوڵڵا هاشمی” ڕاگەیەندراوی “ئەنجومەنی نۆژین”ی بەم بۆنەوە خوێندەوە. جێگای ئاماژەیە کە لە درێژەی ئەو خۆپیشاندانەدا، وێڕای بەرجەستە بوونی وێنەی خاتوو “زارا محەممەدی” و چەندین پلاکاردی تایبەت بەم بۆنەوە، بە زاراوە جۆراوجۆرەکانی کوردیش چەندین بڕگەی هونەری پێشکەش کران.