کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان لەگەڵ سکرتێری گشتیی ئینتێرناسیۆنال سۆسیالیست

05:12 - 15 گەلاوێژ 2720

ڕۆژی سێ‌شەممە ١٤ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی، بەرانبەر بە ٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٠ـی زایینی، بەڕێز "مەولوود سوارە"، ئەندامی ڕێبەری و نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان لە "ئینتێرناسیۆنال سۆسیالیست"، لەگەڵ بەڕێز "لویس ئەیالا" سکرتێری ئەم ڕێکخراوەیە و خاتوو "لەتیفە پێری" کارگێڕی "ئێس ئای" کۆ بووەوە. لەم دیدارەدا، نو‌ێنەری حیزب وێڕای سپاس و پێشکەش‌کردنی سڵاوی ئەندامانی ڕێبەریی حیزب و سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بەڕێزیان، هاوکات کۆمەڵێک زانیاریی نوێی لە سەر پێ‌شێل‌کارییەکانی مافی مرۆڤ لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە و هەروەها بارودۆخی هەنووکەیی سیاسی و ئابووریی ئێرانی خستە ڕوو. سزای داسەپاو بە سەر چالاکی فەرهەنگی، خاتوو “زارا محەممەدی"، نامەی ٣٨ ڕێکخراوی مەدەنیی کوردستان دژبەو سزایە بۆ "حەسەن ڕۆحانی"، سەرۆک‌کۆماری ئێران و، هەروەها تۆپ‌بارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە ڕۆژی دووشەممە ١٣ی گەلاوێژدا، لە تەوەری سەرەکیی باسەکانی نوێنەری حیزب لەم دیدارەدا بوو. لە درێژەی قسەکانیدا، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان ئاماژەی بە کوژرانی بەردەوامی کۆڵبەرانی کورد بە دەستی هێزە چەک‌دارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و دۆخی نالەباری خەڵک و نەخۆشیی کۆرۆنا، کەم‌تەرخەمییەکانی ڕێژیم و هەڵوێستی ڕێکخراوە مەدەنییەکان، هاوکاری و هەرەوەزی خۆبەخشانەی خەڵکی لەم پێوەندییەدا هێنایە بەر باس و چالاکییەکانی ژینگەپارێزانی کوردستان و دۆخ و چارەنووسی زیندانییانی سیاسیی کورد بە گشتی، بەشێکی تری باس و گفتوگۆیەکان بوو. لە کۆتاییدا بەڕێز “لویس ئەیالا” وێڕای گوێ‌گرتن و تێ‌بینی و سەرنجەکانی لە سەر باسەکەی نوێنەری حیزب و ئاماژەدان بە دۆخی ئێران و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هاوکات باسێکی کورتیشی لە سەر کار و چالاکییەکانی خۆیان لە ماوەی سەرهەڵ‌دانی پەتای کۆرۆنادا کرد و ئاواتەخواز بوو کە دۆخەکە ئاسایی بێتەوە و پێوەندی و کۆبوونەوە و دیدار و باس و چاوپێ‌کەوتنەکان بە ڕەواڵی پێشوو درێژەیان پێ بدرێ.