کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوە چوونی چالاکیی تەبلیغی لە سنە و ڕەبەت بە بۆنەی ٢٥ـی گەلاوێژ

01:08 - 17 گەلاوێژ 2720

لە بەرەبەری ٢٥ی گەلاوێژ، یادی ٧٥ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شارەکانی ڕەبەت و سنە بە چالاکیی تەبلیغی یادی ئەو ڕۆژە پیرۆزەیان بەرز ڕاگرت. بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شارەکانی سنە و ڕەبەت بە چالاکیی تەبلیغی بۆ ٢٥ـی گەلاوێژ و پیرۆزبایی لە ٧٥ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکرات و یاد کردنەوە لەم ڕۆژە نەتەوەییە نیشانیان دا کە حیزبی دێموکرات هەردەم خۆشەویست و جێگای متمانەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە. شایانی باسە کە لە بەر مەترسیی پەتای کۆرۆنا و دۆخی تەندروستیی خەڵکی کوردستان و بڕیاری حیزبی دێموکرات لەو بارەوە ئەمساڵ چالاکییەکان بە شێوەیەکی جیاواز لە ساڵان و بە پارێزێکی زۆرترەوە بەڕێوە دەچێ. لە لایەن کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، دەستخۆشی لە هاوڕێیانمان لە شارەکانی ڕەبەتی نیشتمانپەروەر و سنەی سەربەرز دەکەین و هیوادارین لە هەموو کار و چالاکییەکاندا سەرکەوتوو بن.