کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوە‌چوونی کۆڕی ماتەمینی نەمر کاک “جەلیل گادانی” لە دانمارک

01:48 - 20 گەلاوێژ 2720

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٨ی گەلاوێژی ٩٩ی هەتاوی بەرانبەر بە ٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٠ی زایینی، لە لایەن کۆمیتەی دانمارکی حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆڕێکی پرسە و سەرەخۆشی بۆ کەسایەتیی دیاری سیاسیی گەلی کورد و تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان کاک “جەلیل گادانی” لە “کۆپێنھاگی” وڵاتی دانمارک بەڕێوە چوو. بە مەبەستی هاوخەمیی ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی دانمارک لەگەڵ بنەماڵەی گەورەی گادانی، خەڵکی نیشتما‌ن‌پەروەری کوردستان و ھاوڕێ و ھاوڕێبازانی نێو مەتەرێزی خەباتی حیزبەکەی کاک “جەلیل” وەک نواندنی وەفا و ئەمەگ بۆ کەسایەتیی کاک “جەلیل گادانی” کە ٧٥ ساڵی تەمەنی خۆی لە ڕێگای جوڵانەوەیەکی ڕەوادا بەخت کرد، کۆمیتەی دانمارکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەگەڵ ڕەچاوکردنی ھەموو ڕێکارە تەندروستییەکان بۆ سەلامەتیی ئەو کەسانەی کە بەشداری کۆڕیادەکە بوون، کۆڕێکی پرسەی بەڕێوە برد. شایانی باسە کۆمەڵێکی بەرچاو لە نوێنەرانی ھێز و لایەنە سیاسی و کوردستانییەکان، کوردانی تاراوگەنشین لە دانمارک، فیدڕاسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان و هەروەها ئەندامانی حیزب لەو وڵاتە بەشداری ئەم کۆڕیادە بوون. سەرەتا لە لایەن پێشکەشکاری کۆڕیادەکە، بەڕێز “سیروان شەڵماشی”، بەخێرھاتنی بەشداربووانی کۆڕەکە کرا. کۆڕەکە بە سروودی نەتەوایەتیی “ئەی ڕەقیب” و ڕاگرتنی خولەکێک بێ‌دەنگی بۆ ڕێز گرتن لە گیانی پاکی شەھیدانی کوردستان دەستی پێ‌کرد و پاشان سیروان شەڵماشی کورتە مێژوویەکی لە سەر ژیان و کەسایەتیی کاک “جەلیل گادانی” پێشکەش بە بەشداران کرد. پێشکەش کردنی پەیامی کۆمیتەی دانمارکی حیزبی دیموکراتی کوردستان بەو بۆنە ماتەمینەوە لە لایەن بەرێز کاک “ڕەحیم خالید نژاد”، بەرپرسی کۆمیتەی دانمارکی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەشێکی دیکەی کۆڕەکە بوو. کاک ڕەحیم لە پەیامەکەدا ئاماژەی بە زۆر ڕەھەندی مێژوویی ژیانی سیاسیی کاک “جەلیل” کرد لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەلی کورددا. لە بەشێک لە قسەکانی ناوبراودا هاتبوو: “ئەمڕۆ لە بەرەبەری ساڵیادی دامەزرانی حیزبی دێموکراتدا، بەداخەوە دەبێ تاڵیادی لە دەستچوونی تاقە یادگاریەکەی کۆماری کوردستان و تێکۆشەری دیاری بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلەکەشمان تۆمار بکەین کە تا دوایین پشووی ژیانی خۆی، نەک ھەر پڕ بوو لە خرۆش و وزەی کوردایەتی، بەڵکوو ھێمایەک بوو لە دڵسۆزی، ڕاستگۆیی، کۆڵنەدان و شۆڕشگێڕی. کاک “جەلیل گادانی” تابلۆیەک بوو لە خەباتی ھاوچەرخی کورد لە ڕۆژھەڵات و تەنانەت پارچەکانی دیکە و بگرە نەتەوە بندەستەکانی دیکەی ڕۆھەڵاتی ناڤین.” لە بڕگەیەکی دیکەی کۆڕەکەدا کاک “ناسر پیرانی”، سیمای ناسراوی حیزبی دێموکراتی کوردستان و یەکێک لە هاوسەنگەرانی نەمر کاک جەلیل گادانی، زۆر بە باشی لە سەر وێستگەکانی ژیانی شۆڕشگێڕی کاک “جەلیل” دوا. باسەکەی ناوبراو ئاماژەیەکی مێژوویی بوو بە ژیانی دەیان ساڵ لە خەباتی کاک “جەلیل گادانی”. جێی ئاماژەیە بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک “جەلیل گادانی”، پەیامگەلێک لە لایەن نوێنەری حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان خوێندرانەوە کە بریتی بوون لە:   ١ -پەیامی ھاوخەمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆمیتەی دانمارک. ٢ – پەیامی ھاودەردیی ناوەندی یەکیەتیی نیشتیمانی کوردستان. ٣ -پەیامی ھاوخەمیی فیدڕاسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان لە دانمارک. ٤ – پەیامی ھاوخەمیی پارتی سوسیالیستی باکوور. ٥ -پەیامی پارتی ئازادی کوردستان. ٦ -پەیامی ھاودەردیی یەکیەتیی دێموکراتی کورد لە سووریە. هەروەها ئاماژە بە برووسکەی هاوخەمیی چەند حیزب و لایەنی سیاسی درا کە بریتی بوون لە: ١ ـ کۆنگرەی نەتەوەیی کورد (ک ن ک). ٢ – حیزبی دادپەروەری و یەکسانیخوازیی گەلانی ئێران. ٣ -کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان. ٤ -کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان. ٥ -پارتیا پێشڤەرۆیێ کوردێن ل سوریە.   پاشان پەخشانێک لە ژێر ناوی  “پۆلووی خەمەکان دەگەشێنەوە” لە لایەن بەڕێز “ئەحمەد ڕەحمانی” پێشکەش کرا. لە دوا بڕگەی کۆڕەکەدا، “ئەحمەد ڕەحمانی” بە نوێنەرایەتیی بنەماڵەی “گادانی” سپاسی ھەموو ئەو ڕێکخراو و ھێز و لایەن و کەسایەتییانە و ھەروەھا ئەندامانی حیزبی بەتایبەت کۆمیتەی دانمارکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد کە لەم ماوەیەدا ماندوو نەناسانە ئەرکەکانی خۆیان بۆ بەڕێوەبردنی ئەم کۆڕیادە بەو پەڕی دڵسۆزی و باوەڕ بە ڕێبازی پیرۆزی کاک “جەلیل” بەڕێوە برد. ڕێوڕەسمەکە بە سروودی “ئەی شەھیدان” کۆتایی پێ هات.