کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی چالاکییە تەبلیغییەکان بە بۆی ٢٥ی گەلاوێژ لە نێوخۆی وڵات

03:20 - 21 گەلاوێژ 2720

چالاکییە تەبلیغییەکان بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ، ٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نێوخۆی وڵات درێژەی هەیە. بە پێی هەواڵی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان، چالاکییەکان لە بەرەبەری یادی ٧٥ ساڵەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە شێوەیەکی بەردەوام و بەشێوەی جۆراوجۆر لە شار و گوندەکانی کوردستان بەڕێوە دەچن. ئەو چالاکییانە بەشێوەی جۆراوجۆری وەک، نووسینی دروشم و بڵاوکردنەوەی تراکت و ناردنی گرتە ڤیدیۆی پیرۆزبایی لە شار و گوندەکانی کوردستانەوە بەڕێوە دەچن و ڕۆژانە دەگەنە ئەو کۆمیسیۆنە. ئیلام، کرماشان، لوڕستان، سنە ،مەریوان سەقز، پیرانشار، ورمێ، شنۆ، سەردەشت، مەهاباد، بۆکان، بانە، پاوە، نۆدشە، نەوسوود و ناوچەی لەیلاخ و زۆر شار و گوندی دیکەی کوردستان لەم ڕۆژانەدا و لە یادی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا ئەو چالاکییانەی تێدا بەڕێوە چوون. هەرلەو پێوەندییەدا شەوی ڕابردوو لە شاری بوڵواناوی ناوچەی لەیلاخ، تێکۆشەرانی ئەو شارە بە نووسینی دروشم ساڵڕۆژی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتیان بەرز راگرت. شوێنی بەڕێوەچوونی ئەو چالاکییانە بریتین لە “پارکی خوەرەتاو و مەدرەسەکانی ئەو شارە”. کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای دەسخۆشی و ماندوو‌نەبوونی پیرۆزبایی ٢٥ی گەلاوێژ لە سەرجەم ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە سەرانسەری کوردستان دەکا.