کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە پاریس یادی ١٠٠ ساڵەی پەیمانی سیڤەر کرایەوە

22:38 - 21 گەلاوێژ 2720

لە ڕێوڕەسمێکدا لە پاریسی پێتەختی فەڕانسا، ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی گەلاوێژی ٩٩، (١٠ی ئاگۆستی ٢٠٢٠)، یادی ١٠٠ ساڵەی واژۆ کردنی پەیمانی سیڤەر کرایەوە. ئەم ڕێوڕەسمە لە لایەن کۆمیتەیەک بە ناوی “کۆمیتەی یادی ١٠٠ ساڵەی پەیمانی سیڤەر”، لە بنکەی ئەنستیتۆی کورد لە پاریس بەڕێوەچوو. لە میانەی ڕێوڕەسمەکەدا، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا، نوێنەرانی ژمارەیەک لە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان و هەروەها چەند کەسایەتی و چالاکوان و نووسەر لە ڕێگای ڤیدیۆوە وتاریان پێشکەش کرد. لەم ڕێوڕەسمەدا “مادح ئەحمەدی”، ئەندامی ڕێبەری و بەرپرسی پێوەندییە کوردستانییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات، بە نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان چەند وتەیەکی پێشکەش کرد. “مادح ئەحمەدی” بە ئاماژە بە گرنگی پەیمانی سیڤەر وەک بەڵگەیەکی نێوەدەوڵەتی کە دان بە مافە نەتەوایەتییەکانی کورددا دەنێ گوتی: “پێویستە کورد ئەزموون لە پەیمانی سیڤەر وەربگرێ و سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان هەوڵ بدەن بە یەکگرتوویی مامەڵە لەگەڵ ئاڵوگۆڕەکان بکەن و بەیەکگرتوویی بەرپەرچی ئەوە هەڕەشانە بدەنەوە کە دەکرێنە سەر بەرژەوەندییەکانی کورد. پەیمانی سیڤەر لە ١٠ی ئاگۆستی ساڵی ١٩٢٠ لە نێوان وڵاتە زلهێزەکانی ئەو کات و ژمارەیەک وڵاتی دیکە و بە بەشداری دەستەی نوێنەرایەتیی کورد، بە مەبەستی دابەش‌کردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپڕاتۆری عوسمانی واژۆ کرا. لە مادەکانی ٦٢، ٦٣ و ٦٤ی پەیماننامەکەدا بە دیاری کراوی ئاماژە بە مافە نەتەوایەتییەکانی کورد کراوە و دان بە مافی سەربەخۆیی خەڵکی کوردستاندا نراوە.