کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامی چالاکییە تەبلیغییەکان لە کوردستان

21:28 - 24 گەلاوێژ 2720

ئەندامان و لایەنگرانی ئازا و بە ئەمەگی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری سنە و بانە بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ساڵیادی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکرات، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد. بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ئەندامان و لایەنگرانی چاونەترسی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری سنەی سەربەرز بۆ بەرز و پیرۆز ڕاگرتنی یادی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ئەم ساڵیش شێلگیرتر و چالاکتر لە ساڵانی پێشوو بە شێوەیەکی بەربڵاو لە گەڕەکەکانی “فەرەجە، کانی کووزەڵە، کەمەربەنی ٢٥، فەرەح و فەیزاوا” بە نووسینی دروشم و بڵاوکردنەوەی پۆستێر و تراکتی حیزبی چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد و پەیمانیان لەگەڵ ئامانجی حیزبی دێموکرات و ڕزگاری نەتەوەکەیان نوێ کردەوە. هەروەها ئەندامان و لایەنگرانی دێموکرات لە شاری بانەی خۆڕاگر لە درێژەی چالاکییەکانیاندا بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە شاری بانە بەرەو پیلی ڕۆژی پیرۆزی ٢٥ی گەلاوێژ چوون و پەیمانی خۆیان لەگەڵ حیزبی دێموکرات پتەوتر کردەوە. لە لایەن تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەسخۆشی و ماندوو نەبوونی لە هاوڕێیانی تێکۆشەرمان لە شارەکانی سنە و بانە سەرکەوتنی زیاتریان بۆ بە ئاوات دەخوازین.