کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی سکرتێر و جێگری سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی ڕێکخراوە دێموکراتیکەکانی حیزب

17:28 - 11 خەرمانان 2720

سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، ١٠ی خەرمانان، کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزب و کاک مستەفا مەولوودی جێگری سکرتێر، لەگەڵ بەرپرسانی ڕێکخراوە دێموکراتیکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆبوونەوە. لەم کۆبوونەوەیەدا دوای کردنەوەی باسەکە لەلایەن کاک مستەفا مەولوودیەوە، حەسەن شێخانی ڕێکخەری کاروباری ڕێکخراوە دێموکراتیکەکان، ڕاپۆرتێکی لە کارو چالاکییەکانی ڕێکخراوەکان و هاوکاری کردنیان لەم پێناوەدا پێشکەش کرد. لەم ڕاپۆرتەدا وێڕای ئاماژە بە خاڵە بەهێزەکانی کار و چالاکیی ڕێکخراوەکان، تێ‌بینییەکانی خۆی لەم بارەوە هێنایە زمان و، هیوای خواست بە هاوکاری یەکتر و بە پشتیوانی حیزب، چالاکییەکانیان چڕتر بکەنەوە. دواتر هەر یەک لە سکرتێرەکانی یەکیەتییەکانی لاوان و ژنان و خوێندکاران و، بەرپرسی ناوەندەی مافی مرۆڤ و بەرپرسی ئەنجوومەنی زیندانییە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بۆچوون و تێبییەکانی خۆیان باس کرد و وێرای سپاس لە حیزب بۆ هاوکاری و پشتوانی ماددی و مەعنەوی، پێداگرییان کرد لەمەوبەدواش دڵگرم بە هاوکاریی حیزب و پشتیوانی جەماوەر و ئەندامانی ڕێکخراوەکانیان، لەپێناو ئەرک و بەرپرسایەتییەکانیاندا، تێدەکۆشن. پاشان کاک خالید عەزیزی وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بۆ بەشداری لەم کۆبوونەوەیەدا، کاروباری ڕێکخراوەکانی گرینگ و بەرز نرخاند و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی بۆ خواستن. دوای قسەکانی کاک خالید عەزیزی، کاک مستەفا مەولوودی، بە وردی هاتە سەر ئەو خاڵە و تێ‌بینی و داوکارییانەی لە پێوەندی لەگەڵ کاروباری ڕێکخراوەکان هاتنە ئارا. بەڕیزیان وێڕای ڕوونکردنەوە و چەندین ڕێنوێنی پێویست، ئاماژەی بەوە کرد کە لە دۆخی کۆڕۆناییشدا، ئەوەندەی بکرێ، ڕێکخراوەکان کار و چالاکییەکانی خۆیان درێژە بدەن. کاک مستەفا مەولوودی پێداگری کردەوە کە هەروەک ڕابردوو حیزب پشتیوانی ڕێکخراوە دێموکراتیەکانە و گرینگیدان بە پرسەکانی ڕێکخراوە دێموکراتیکەکان بە ئەرکی خۆی دەزانێ و بە چاوێکی پڕبایەخەوە دەڕوانێتە ئەو ڕێکخراوانە و ئەرک و بەرپرسیارێتیان. بەم شێوە و، بە کۆبەندییەکی کۆبوونەوەکە لەلایەن کاک مستەفا مەولوودیەوە، کۆبوونەوەکە کۆتایی هات.