کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری هاوبەشی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ یەکیەتیی لاوان و قوتابیانی کوردستان

16:49 - 12 خەرمانان 2720

رۆژی سێ شەممە رێکەوتی ١١ی خەرمانانی ٩٩ شاندێکی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان بەسەرپەرەستی پێشەواعەلی پوور سەردانی یەکیەتیی لاوان و قوتابیانی کوردستانیان کرد و لەلایەن بەڕێز رێباز هاشم سکرتێری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستان و ئەحمەد رەقیب سکرتێری یەکیەتیی گشتیی قوتابیانی کوردستان پێشوازییان لێ کرا، لەو دیدارە هاوبەشەدا کۆمەڵێک باس و بابەتی تایبەت بە لاوانی کوردستان و وڵاتانی دەورووبەر تاو و توێ کران و پڕۆژە و بەرنامەی کاری هاوبەشی داهاتووی نێوان ئەو رێکخراوانە بە وردی باسی لێ کرا. هەر لە ئیدامەی ئەو سەردانە بۆلای هاوڕێیانی شیوعی، شاندی یەکیەتیی لاوان چاویان بە بەڕێز دکتور کاوە مەحمود سکرتێری حیزبی شیوعی و وەزیری پێشووی رۆشنبیری و لاون کەوت، شاندی یەکیەتیی لاوان باسیان لە دۆخی ئێستای لاوانی کورد و مێژووی تێکۆشانی لاوانی دێموکرات کرد و چەند سەرنجێکیان سەبارەت بە تێکۆشانی لاوانی رۆژهەڵات هێنایە گۆڕێ. پاشان بەڕێز دکتور کاوە بابەتێکی تایبەت بە دۆخی لاوان لە سەردەمە جیاوازەکانی هێنایە گۆڕێ و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ دروستکردنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و سەربەست بۆ تێکۆشانی لاوان لە سۆنگەی پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی بۆ لاوانی کوردستانی بە گرنگ زانی و هەروەها باسێکی تێر و تەسەلی سەبارەت بە دۆخی لاوانی کوردستان پێشکەش کرد و بەڕێزەوە باسی تێکۆشانی لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستانی کرد. لە کۆتایی ئەم دیدارەدا شاندی یەکیەتیی لاوان دوو کتێبی “نرخی نەوت و خوێن لە ڤییەن” و “رێژیمی سیاسی ئێران لە نێوان ئۆتۆریتاریزم و تۆتۆتالیتاریزم” یان پێشکەش بە بەڕێز دکتور کاوە کرد.