کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوە چوونی سمینارێک بە بۆنەی ساڵەوەگەڕی مووشەکبارانی قەڵا لە ناوەندی سێی کوردستان

00:07 - 17 خەرمانان 2720

سەر لەبەیانی ڕۆژی شەممە ۱٥ی خەرمانان یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان سمینارێکی بۆ خاتوو "موژگان عەلیپوور" سکرتێری ئەو ڕێکخراوەیە بە بۆنەی "۱۷ی خەرمانان" یادی ۲ی ساڵەی موشەکبارانی قەڵای دێموکرات لە لایەن کۆماری ئیسلامی، بۆ ئەندامانی خۆی لە کەمپی "گردەچاڵ" پێک هێنا. سەرەتای سمینارەکە بە ساتێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد و پاشان خاتوو موژگان عەلیپوور بە ئاوردانەوەیەکی کوورت لە مێژووی بەشداری ژنان لە بزووتنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی بە قسەکانی کرد و دواتر پڕژایە سەر ڕووداوی ۱۷ی خەرمانان کە تێیدا پۆلێک لە تێکۆشەران شەهید بوون و زیاتر لە ٥۰ کەس لە پێشمەرگە و ژن و منداڵ بریندار بوون. لە بەشێکی دیکەی باسەکەی خاتوو موژگان دا باس لە کاریگەری دوو ژنی دیاری ناو بزووتنەوەی نەتەوەیی و یەکسانیخوازی، شەهید نەسرین و سۆهەیلا و ئەرکەکانی ژنانی لە پاش ئەوان کرد و پێی وابوو کە ژنانیش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پاش شەهید بوونی ئەو دوو سەرکردە ژنە زیاتر هەستیان بە بەرپرسایەتیی کردووە و لە مەیدانە جیاوازەکاندا دیار و بەرچاوتر کار وچالاکی دەکەن. دواتر بەشدارانی سمینارەکە بە ڕاو سەرەنجی خۆیان کۆڕەکەیان دەوڵەمەندتر کرد. لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو کۆڕە ڕێز لە دوو خاتوونی چالاک و هەڵسووڕی ئەندامی یەکیەتیی ژنان گیرا. بەشێکی دیکەی ئەو دانیشتنە سازماندهی نوێی ئەندامانی یەکیەتیی ژنان بوو. لە پەراوێزی ئەو کۆڕە هەیئەتیی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان سەردانی ناوەندی سێی کوردستان و بەشێک لە شانەکانی یەکیەتیی ژنانی لە هەولێر کرد.