کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سکرتاریای حیزب ڕێز لە بەڕێوەبەرانی نەخۆشخانەی ٢٥ی گەلاوێژ نرا

21:35 - 23 خەرمانان 2720

لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستان گیرا، ڕێز لە زەحمەت و ماندووبوونی ستاڤی نەخۆشخانەی ٢٥ی گەلاوێژ نرا. ڕۆژی یەکشەممە، ٢٣ی خەرمانان، بە بەشداریی ئەندامانی دەفتەری سیاسیی حیزب و ئامادەبوونی ستاف و کادری دەرمانیی نەخۆشخانەی ٢٥ی گەلاوێژ، ڕێز لە زەحمەت و دڵسۆزی و ماندوو بوونی کادر و پێشمەرگە و ستاڤی ئەم نەخۆشخانەیە لە پێراگەیشتنی پزیشکی و دەرمانی بە بنکەکانی حیزب بەتایبەت لە بارودۆخی ئێستای کۆرۆنادا گیرا. لەم کۆبوونەوەیەدا کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزب بە ئاماژە بەو بارودۆخە تایبەتەی کۆرۆنا بەسەر دنیا و کۆمەلگە مرۆییەکاندا سەپاندوویەتی، خزمەتە پزیشکی و دەرمانییەکانی نەخۆشخانەی ٢٥ی گەلاوێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی لە کۆنتڕۆڵ‌کردنی کۆرۆنا و، چارەسەری توشبووان بەو نەخۆشییە لە چوارچێوەی بنکەکانی حیزبدا بەرز نرخاند. لە بڕگەیەکی دیکەی ئەم کۆبوونەوەیەدا کاک مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزب ڕێزنامەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ستاڤی  نەخۆشخانەی ٢٥ی گەلاوێژی پێشکێش بە کاک ڕەحمان مەحموودی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانە کرد. لە بەشێکی ئەم ڕێزنامەیەدا هاتوە ماندووبوون و هەوڵی دڵسۆزانەی کادری دەرمانیی نەخۆشخانەی ٢٥ی گەلاوێژ، لە پێدانی زانیاری و ڕێنوێنییەکان لەبارەی بەرگرتن لە بڵابوونەوەی زیاتری کۆرۆنا لە بنکەکانی حیزبدا و؛ چارەسەر و پێڕاگەیشتن بە توشبووان شوێنی باش و کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی زیان و خەسارەکانی ئەم نەخۆشییە کوشندەیە دانا. هەر بۆیە دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە چاوی ڕێزەوە لە زەحمەت، ئەرک‌وەخۆگری، ماندوویی‌نەناسی و هیممەتی ئینسانی و پێشمەرگانەی سەرجەم پێرسۆنێلی نەخۆشخانەی ٢٥ی گەلاوێژ دەڕوانی و بەهۆی ئەم نووسراوەیە، ڕێزتان لێ دەگرێ.