کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"خەرمانانی خوێناوی و تاوانە نێودەوڵەتییەکانی کۆماری ئیسلامی"/ وێبناری کۆمیتەی سوێد

22:14 - 23 خەرمانان 2720

پاش نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە، ۱۲ی سپتامبر ۲۰۲۰ (۲۲ی خەرمانانی ۱۳۹۹ی هەتاوی) کۆمیتەی سوێدی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە مەبەستی ڕێزگرتن لە شەهیدانی مووشەکبارانی قەڵای دێموکڕات و کارەساتی تێرۆری میکۆنووس، وێبنارێکی ئانڵاینی بە بەشداری بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی لە وڵاتی سوئێد، بۆ خاتوو ئارەزوو نستانی، ئەندامی کومیتەی ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێک هێنا. سەرەتای کۆڕیادەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێز ڵێنان لە ڕۆحی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد. پاشان لە لایەن خاتوو لەتیفە جەباری یەوە، وێبینارەکە کرایەوە و ناوبراو لە سەر چۆنیەتی و بڕگەکانی کۆڕەکە، بەرچاوڕوونی دایە بەشداربووان. دواتر کاک کەریم جاف، بەرپرسی تەشکیلاتی کومیتەی سوئێدی حیزبی دێموکراتی کوردستان پاش بەخێر هێنانی بەشدارانی کۆڕەکە بە گشتی و خاتوو ئارەزوو بە تایبەتی، لە وتەیەکی کورتدا، ڕێزی لە شەهیدانی خەرمانانی خوێناوی گرت و پەیمانی وەفاداری کومیتەی سوئێدی لە گەڵ شەهیدان نوێ کردەوە. بەشی سەرەکی وێبینارەکە تەرخان کرابوو بە باسەکەی خاتوو ئارەزوو، لە ژێر ناوی "خەرمانانی خوێناوی و تاوانە نێودەوڵەتییەکانی کۆماری ئیسلامی". سەرەتا خاتوو ئارەزوو سپاسی کومیتەی سوئێدی حیزبی کرد و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی بۆ بەئاوات خواستن. پاشان باسێکی تێر و تەسەلی لە سەر تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی دژ بە خەڵکی کورد و کوردستان لە ماوەی دەسەڵاتی ٤۰ ساڵەیدا بە گشتی و ئەم ساڵانەی دواییدا، بەتایبەتی پێشکەش کرد و بە ئاماژە پێدان و پشت بەستن بە یاسا نێودەوڵەتیەکان و بڕگەکانی، تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی دژی کوردستان، بە تاوانی شەڕ و ژێنۆساید ناساند. لەو باسەدا بە ئاماژەدان بە هەر دوو تاوانی تیرۆری میکۆنووس و مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات، هەوڵ درا چوارچێوەیەکی حقووقی و قەزایی بۆ بە تاوانبارناسینی کۆماری ئیسلامی بە تایبەت لە بەردم دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و هەروەها ڕێکارە گریمانەییەکان بدۆزرێتەوە. گرینگی ئەو هەنگاوە ئەوکاتە دەردەکەوێ کە دەتوانین خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لە سۆنگەی مەحکوومیەتی ڕێژیم و مەزلوومیەتی گەلەکەمان لە پرسێکی ناوخۆییەوە بۆ پرسێکی نێودەوڵەتی بگۆڕین. پێویست بە ئاماژەیە کە خاتوو شوعلە قادری بە خوێندنەوەی پەخشانێک بە نێوی "ئەوان قەڵا بوون، لە نێو قەڵادا بوون" لە نووسینی ئەحمەد ڕەحمانی و کاک هونەر ئازەرپیرا بە پیانۆ و پارچە مووزیکی "شەهید بەو زامەی درا لە جەرگت" بەشداری کۆڕەکەیان کرد. کۆڕەکە پاش نزیک بە سەعات و نیوێک بە سروودی ئەی شەهیدان کۆتایی پێ هات.