کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی سیاسی - تەشکیلاتیی بۆ بەڕێز خالید عەزیزی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان

21:30 - 25 خەرمانان 2720

بە دەستپێشخەریی کۆمیسیونی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆبوونەوەیەکی سیاسی- تەشکیلاتی بۆ بەڕیز خالید عەزیزی سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕێک خرا. ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خەرمانانی ٩٩ی هەتاوی کۆمیسیونی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆبوونەوەیەکی سیاسی – تەشکیلاتیی بۆ بەڕێز خالید عەزیزی سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بەشداریی دەیان کەس لە کادر و پێشمەرگەکانی حیزب بۆ تاوتوێ کردنی چەند بابەت و باسێکی سیاسی و تەشکیلاتی گرینگ و هەروەها بۆ یادکردنەوەی ٢٦ی خەرمانان، بیست و هەشتەمین ساڵیادی تێرۆری ڕێبەری لێوەشاوەی حیزبەکەمان نەمر دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕییانی بە دەستی ڕەشی تێرۆریستەکانی ڕێژیمی  کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئاڵمان پێک هێنا. سەرەتای کۆبوونەوەکە بە ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یاد و ناوی هەموو شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد و پاشان مەنسوور مروەتی، ئەندامی کۆمیسیونی تەشکیلاتی حیزب چەند بابەتێکی لەسەر چالاکییەکانی تەشکیلات لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات  باس کرد و وتەیەکی کورتی لە سەر دوکتور سادق شەرەفکەندی و لێهاتووییەکانی ئەو ڕێبەرە مەزنە بە تایبەت لە بواری تەشکیلاتیدا پێشکێش کرد. پاشان کاک خالید عەزیزی بە یادکردنەوە لە ڕێبەری سەرکردەمان و تیشک خستنە سەر تواناییەکان و ئەزموون و بوێری و ئەو خاڵە بەهێزانەی کە لە دوکتور سادق شەرەفکەندیدا ئەوی کردبووە ڕێبەرێکی خەڵکی و خۆشەویستی حیزب و گەل و کاریگەریی دوکتور سادق لە سەر بنەما سەرەکییەکانی حیزبی دێموکرات تێرۆری رێبەرانی کوردی بە خەیاڵێکی خاوی کۆماری ئیسلامیی و دوژمنانی کورد ناو برد کە هەر لە لەسێدارەدانی پێشەوای نەمرەوە تا دوکتور سادق شەرەفکەندی و لەم دواییانەشدا پۆلێک ئەندامان و کادری ڕێبەریی حیزبەکەمان نەیانتوانیوە و ناتوانن حیزبی دێموکرات و ئیرادەی مافخوازی خەڵکی کۆردستان لە نێوبەرن یان کپ و بێدەنگی بکەن. بەڕێز عەزیزی بە ئاماژە بەوەیکە تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات بە هۆی جەماوەری بوون و خەڵکی بوونی و هەروەها کار و چالاکییە خۆنەویستانەکانی ئەو بەشە گرینگەی حیزب لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەرەوەی وڵات و لە نێو خودی حیزبیش کۆڵەکەیەکی سەرەکی و بناغەیەکی حاشاهەڵنەگری مانەوەی حیزبی دێموکراتە لە زەحمەت و ماندوو بوونی هاوڕییانی تەشکیلات بە تایبەتی لە نێوخۆی وڵات بە خاڵێکی ئەرێنی و گرینگ ناوی برد و گوتی: ئەگەر تەشکیلات و ڕێخستنەکانی نێوخۆ ئەو هەموو قارەمانی و حەماسە دەخولقێنن و سەرمایەی ماددی و مەعنەوی حیزبەکەمانن و لە هیچ چەشنە فیداکارییەک لە ڕێگای حیزب و گەلدا دریغی ناکەن ئەوە ئەرکی ئێمەشە کە گوێ بۆ داواکارییە ڕەواکانی خەڵکەکەمان ڕاگرین و ئەرک و داواکاری و ڕێنمایی ئەوان و ئێمەش دەبێتە هۆکاری سەرکەوتن و سەربەرزی حیزبی دێموکرات و خەڵکی کورد. لە کۆتاییدا بەڕیز عەزیزی لە مەیداندا بوونی ئەو هەموو کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی نهێنی و ئاشکرای حیزبی دێموکراتی سەرەڕای ئەو هەموو کەند و کۆسپانەی سەر ڕێگای ئەو حیزبەی بە دڵخۆشی وەسف کرد و ڕایگەیاند کە تێکۆشان و هاودڵی و پێکەوە کارکردنمام بێگومان سەرکەوتنمان مسۆگەر دەکا. لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا خەڵاتی ڕیزلێنان بەسەر نوێنەرانی ناوەند و هەرێمەکانی ئەندامی تەشکیلاتدا دابەشکرا و ڕێز لە تێکۆشان و ماندوو بوونی ئەو بەڕیزانە گیرا.