کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: ڕۆڵ و قورساییمان لە هەر ئاڵۆگۆڕێکی داهاتوودا بەستراوەتەوە بە فاکتەری یەكگرتوویی و یەکڕیزیی نێوخۆییمان

01:06 - 30 خەرمانان 2720

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە گۆشەنیگای لێکدانەوە بۆ داهاتووی ئێران و ڕۆڵی کورد لە هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکەدا، پێداگریی لە سەر یەکگرتوویی و یەکڕیزیی نێوان هێزە سیاسییەکان و نێوماڵی کورد بە گشتی کردەوە. کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کۆنفڕانسی ڕێکەوتی ٢٩ی خەرمانانی ١٣٩٩ی هەتاوی بەڕێوە چوو، لە پێوەندی لەگەڵ "ڕۆڵ و پێگەی ئێران و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە  کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی"دا باسێکی پێشکەش کرد. لەم کۆنفڕانسەدا کە بە دەیان کەس لە ئەندامانی حیزب نیشتەجێ لە شاری هەولێری تێیدا بەشدار بوون، سکرتێری گشتیی حیزب بە ئاوڕدانەوە لە نێوەرۆک و ماهییەتی سیاسەتی دەروەی ڕێژیمی پێشووی پاشایەتی لە ئێران لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە و عەرەبی و هەوەها کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لە سەر پێگەی وڵاتی ئێرانی دوای هاتنەسەر کاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران قسەی بۆ بەشدارانی کۆنفڕانس کرد. لەم پێوەندییەدا کاک خالید عەزیزی بە ئاماژەدان بە ماهییەتی ئیدئۆلۆژیی ڕێژیم و دیاردەی تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران، باسی لە بێ‌ئێعتباربوونی پێگەی ئێران لە سەر ئاستی وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتیدا کرد. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سکرتێری گشتیی حیزب پەرژایە سەر داهاتووی ئێران و ڕۆڵی کورد و حیزبە سیاسییەکانی کوردستان و، لەم بارەوە بۆ جۆری ڕوبەڕوو بوونەوەی ئاڵۆگۆڕەکان لەسەر ئەساسی دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان، یەکڕیزی و یەکگرتوویی نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان و بە گشتی کۆمەڵگەی کوردستانی بە زەرووری و پێویست لەقەڵەم دا. شایانی ئاماژەپێدانە کە بەشی دووهەمی کۆنفڕانسی ئەندامانی حیزب لە شاری هەوڵێر بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆمیتەی نوێ تەرخان کرابوو کە وێڕای ئامادەبوونی نوێنەری کۆمیسیۆنی پارێزگاری لە پێڕەوی نێوخۆ، نوێنەری کۆمیسیۆنی تەشکیلات و بەرپرسی کۆمیتەی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزب، بە شێوەیەکی دێموکراتێک بەڕێوەچوو.