کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عومەر باڵەکی: بۆ قۆناغی ئێستای تێکۆشانمان، پێویستە زیاتر گرینگیی بە تەشکیلات بدەین

01:48 - 3 رەزبەر 2720

عومەر باڵەکی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوونی تەشکیلاتی لە حیزبی دێموکراتدا بە ئەساس و بنەڕەتی پێکهاتەی حیزب ناو برد و گرینگیدانی زیاتری حیزب بە تەشکیلاتی لە قۆناغی ئێستای خەباتدا بە زەرووری دەزانێ. لە کۆنفڕانسی کۆمیتەی ئەندامانی حیزب نیشتەجێ لە شاری کۆیەی باشووری کوردستان کە دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ٢ی ڕەزبەری ١٣٩٩ی هەتاوی بەڕێوەچوو، بەڕێز عومەر باڵەکی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، وێڕای پێشکەشکردنی باسێکی سیاسیی پێوەندیدار بە بارودۆخی ئەمڕۆی ئێران و کوردستان، لە سەر تەشکیلات لە حیزبی دێموکرات و گرینگیدان بە کاری تەشکیلاتی قسەی بۆ بەشداران کرد. لە دەسپێکی ئەم کۆبوونەوەدا کە بە ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان بەڕێوە چوو، کاک عومەر باڵەکی بە نوێنەرایەتی لە دەفتەری سیاسیی حیزب لە کۆنفڕانسی ساڵانەی ئەندامانی حیزب لە شاری کۆیە باسی بارودۆخی سیاسیی ئەمرۆی ئێران و کوردستانی کرد. لەم پێوەندییەدا بەڕێزیان وێڕای ئاماژەدان بە کاریگەریی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکا لە سەر ئێران و قوڵتر و بەرین بوونەوەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، لاوازیی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران وەک ئالترناتیڤی ئەم ڕێژیمەی بە خاڵی لاوازی بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵک زانی. ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزب لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا لە پێوەندی لەگەڵ دۆخی کورد  لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستان قسەی کرد و وێڕای ئاماژەدان بە تێکۆشانی حیزبی دێموکرات لە بەستێنە جۆراوجۆرەکانی خەباتدا، پەرژایە سەر گرینگیی ڕۆڵی ئەندامانی حیزب وەک تەشکیلات لە گەیاندنی پەیامەکانی حیزب بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. هەر لەم پێوەندییەدا بەڕێزیان گرینگیدان بە ئەندامانی حیزب و تەشکیلاتی بە پێویستییەکی ئێستای خەبات زانی. لە بەشی تەشکیلاتیی کۆنفڕانسی ئەندامانی حیزب لە شاری کۆیە‌دا دوای پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی کۆمیتە لە لایەن بەرپرسی کۆمیتەوە، پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆمیتەی نوێی ئەندامان کە ڕاستەوخۆ لە لایەن نوێنەری کۆمیسیۆنی پاڕێزگاری لە پێڕوی نێوخۆی حیزب و نوێنەری کۆمیسیۆنی تەشکیلاتەوە چاودێری دەکرا بەڕێوە چوو. بەم شێوەیە کۆنفڕانس سەرکەوتوانە کۆتایی بەکارەکانی خۆی هێنا.