کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەماڵ کەریمی: یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان هەوێنی یەکیەتیی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە

01:22 - 9 رەزبەر 2720

کەماڵ کەریمی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، یەکگرتنەوەی هەر دوو حیزبی دێموکراتی لە داهاتوودا بە هەوێنی یەکیەتیی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵات زانێ و ڕایگەیاند هەلومەرجی ئێستا و داهاتووی ئێران دەخوازێ حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لێک نزیک ببنەوە. لە کۆنفڕانسی تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆمیتەکانی بەشێکی دیکە لە ئەندامانی حیزب کە دوانیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ٨ی ڕەزبەر بەڕێوەچوو، بەڕێز کەماڵ کەریمی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزب، باسێکی سیاسیی تایبەت بە داهاتووی ئێران و کوردستانی پێشکەش کرد. بەڕێزیان لەم کۆنفڕانسەدا کە ئەندامانی سەر بە چوار کۆمیتەی حیزبی تێیدا بەشدار بوون، سەرەتا ئاماژەیەکی خێرای بە دۆخی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بە گشتی و بێ مەسئولیەتیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەموو ئاستەکاندا کرد. بەڕێزیان لەم پێوەندییەدا باسی لە بەرین بوونەوەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک دژ بە کۆی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کرد و لەم بارەوە وێڕای ئاماژەدان بە بەشداری نەکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی "میان دورە"یی نوێنەرانی مەجلیسی شوورای ئیسلامی، گوتی؛ بێزاری و ناڕەزایەتیی خەڵک لە نیزامی کۆماری ئیسلامی لەوپەڕی خۆی‌دایە. بەڕێز کەماڵ کەریمی لە درێژەی قسەکانی بە ئاماژەدان بە ئەگەری نەمانی کۆماری ئیسلامیی ئیڕان، بە نیسبەت داهاتووی ئێران و ماهییەتی ئەو نیزامەی لە داهاتوودا لە تاران دەسەڵاتی سیاسیی بە دەستەوە دەگرێ، باسی لە بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێستای ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد. لەم پێوەندییەدا بەڕێزیان پێی وابوو یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی خەڵکی ئێران دژ بە کۆماری ئیسلامی، نەبوونی ئاڵترناتیڤێکی یەکگرتوو و بەهێزی جێی متمانەیە و نەبوونی ڕێبەرییەک بۆ جووڵانەوەی ئازادیخوازی لە ئێران، ئاسۆی ڕووداوەکانی بە لێڵی هێشتۆتەوە. ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە درێژەی باسەکەیدا هاوکات لەگەڵ ئاماژەدان بە سیاسەتی سەرکوت و دژی‌گەلیی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان، بە هومێدەوە باسی بەردەوامیی خەباتی خەڵکی کورستانی لە پێناو دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییە نەتەوایەتییەکانیدا کرد. لەم بەشە لە قسەکانیدا بەڕێز کاک کەماڵ کەریمی، داهاتووی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستانی بەستەوە بە پرسی یەکڕیزی و یەکگرتوویی نێوان حیزبە سیاسییەکان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. بەڕێزیان وێڕای ئاماژەدا بە بوون و گرینگیی "ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران" وەک چەترێک بۆ هاوهەڵوێستی و کاری هاوبەشی نێوان حیزبەکان، لێک‌نزیکبوونەوەی زیاتری حیزبەکانی لە هەلومەرجی ئێستادا بە زەرووری زانی. لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا کەماڵ کەریمی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان باسی لە ڕۆڵ و کاریگەریی تاریخیی حیزبی دێموکرات لە سەر بزووتنەوەی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستان کرد و لەم بارەوە وەک زەروورەتێک بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پەڕژایە سەر پرسی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران. لەم پێوەندییەدا کاک کەماڵ کەریمی لە گەڵ پێداگریی لە سەر ڕۆڵی قورس و گرانی ئەم حیزبە لە داهاتووی ڕووداوەکاندا گوتی: یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان هەوێنی دروست بوونی یەكیەتیی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەم پرسە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لە سەر یەکیەتیی و یەکگرتوویی نێوان خەڵک و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی دەبێ. لە کۆتا بەشی ئەم کۆنفڕانسەدا ئەندامانی حیزب لە چوار کۆمیتەی جیاواز‌دا بە ئامادەبوونی نوێنەری کۆمیسیۆنی چاودێری لە پێڕەوی نێوخۆی حیزب و نوێنەری کۆمیسیۆنی تەشکیلات، لە هەڵبژاردنێکی ئازاد و دێموکراتیکدا ئەندامانی نوێی کۆمیتەکانیان هەڵبژارد.