کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستەیەکی دیکە لە کچان وکوڕانی کوردستان بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتییان پۆشی.

18:41 - 11 رەزبەر 2720

دوانیوەڕۆی رۆژی ٥ شەممە ١٠ی رەزبەر لە رێورەسمێکی پێشمەرگانە‌دا کۆتایی دەورەی ٢٣٨ی سەرەتایی پیشمەرگە لە فێرگەی پێگەیاندنی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو. سەرەتا بە سروودی ئەی رەقیب وڕێژە و چەند کارێکی ڕەزمی کە بەشدارانی دەورە ئامادەیان کردبوو دەستی پێ کرد. لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا بەڕیز لوقمان موئمێنی، بەرپرسی ناوەندی ۳ی کوردستان بەم بۆنەیەوە وتارێکی پێشکێش کرد. یان لە سەر شان بووە ماندو بوون و زەحمەتێکی زۆریان کێشاوە، دەستی ماندو بوونیان دەکوشم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم. کاک لوقمان موئمینی لە سەرەتای قسەکانیدا ڕوو بە بەشدارانی دەورە گوتی: لە کاتێکدا ئێمە لێرە کۆتایی سەرکەوتووانەی دەورە و پێوەست بوونی پۆلێک لە باشترین و بە هەستترین کوڕان و کچانی نیشتمانەکەمان جێژن دەگرین، جیهان بە گشتی و وڵاتەکەمان بە تایبەتی بە دۆخێکی ناهەمواردا تێ دەپەڕی، شاراوە نییە دۆخی کڕۆنا لە هەموو جیهاندا بارودۆخێکی دروست کردوە کە تەئسیری ڕاستەوخۆی لە سەر هەموو جومگەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خەڵک و وڵاتان داناوە. لە ئێران و بە تایبەتی کوردستان بە داخەوە بە هۆی مودیرییەت نەکردنێکی دروست زیانێکی زۆر بە خەڵکی وڵاتەکەمان گەیشتوە و ئازارێکی دیکە بە دەرد و مەینەتییەکانیان زیاد بووە. لە لایەکی دیکەوە دەست تێوەردان و سیاسەتی شەڕەنگێزیی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە و جیهاندا، شاراوەبوونی چالاکییە ئەتۆمیەکانی و هەروەها پەرەپێدان بە هێز و توانایی مووشەکی و ناوە ناوە تاقیکردنەوەی نوێی مووشەکی وای لە ئێران کردوە کە متمانەی وڵاتانی ناوچە و جیهان لە دەست بدا و بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی دنیا و ناوچەکەی بزانن، هەروەها تۆمەتبارە بەوەی کە سەرقاڵی درووستکردنی چەکی ئەتۆمییە. ناوبراو لەدریژەی قسەکانیدا گوتی: گەلی کورد لە ڕۆژهەلاتی کوردستان زۆر زوو دوای بە دەسەڵات گەیشتنی ئاخوندەکان لە ماهییەتی شەرەنگێزی و ئامانجە شوم و نەگریسەکانی کۆماری ئیسلامی تێگەیشت. کۆماری ئیسلامی ماوەیەکی کەم دوای بە دەسەڵات گەیشتنی شەڕی بە سەر خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا سەپاند، فتوای جیهادیان بە دژی گەلی کورد دا و بریاریان دا قەیتانی پۆتینەکانیان نەکەنەوە هەتا کوردستان پاک نەکەنەوە، لە ماوەی سێ مانگدا سەدان کەس لە خەڵکی بێ گوناحی ناوچە جۆراو جۆرەکانی کوردستانیان قەتڵ وعام کرد، زۆر یەک لە گوندەکانیان سوتاند و ڕوحمیان بە منداڵی سەر پشتی لانکیش نەکرد. بەرپرسی ناوەندی ۳ی کوردستان لە بەشی کۆتایی قسەکانیدا گوتی: کۆماری ئیسلامی باش بزانێت ئێمە نەتەوەیەکین کە چەندین ساڵە خراپتر لەو جنایەت و کوشتارانمان دیتووە هەتا خاوەنی ئەم کوڕ و کچە بە هەست و نیشتمان پەروەرانە بین هەرماوین و هەر دەمێنین و هەمیشە بە هێزتر لە جاران دەردەکەوینەوە. خوێندنەوەی پەیامی ئاموزشیی فێرگە و پێشکێش کردنی چەند سروود و‌ گورانی چەند بڕگەیەکی دیکەی ئەم ڕێوڕەسمە بوون.