کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئارام گرتن لای "کوڕەکان"

15:15 - 16 رەزبەر 2720

هێندی دووری ڕێگاکە بیری لەو هەموو جیاوازی و نابەرابەری و زوڵمانە کردبۆوە، ئەخە بۆ؟ بۆ دەبێ میراتی باب و باپیرانیشمان هەر وابێ؟ هەتا دەسەڵاتی شای گۆربەگۆر و بابی بوو ئەوە بوو کە دیتمان و بیستمان و ڕابرد، ئەو دەسەڵاتە نەگریسەی ئێستاش کە هەیە شەرحی لە هیچ قاموس و کتێبێکدا جێی نابێتەوە و دورە وڵاتی، گەرمای تاقەت پرووکێن، جیاوازیی زمان و کولتوور، ژینگە و تەنانەت هەست و ئیحساس و ڕەفتارە کۆمەڵایەتیەکانیش... بەردەوام بەدەم  کارکردن و قوڕ درهێنان و خشت بڕین وخۆڵ دابێژان و هەموو وردەکارییەکانی دیکەوە هەر ورینگەی دەهات و وەک  سوقڕات لە ژێر لێو و لەبەر خۆیەوە بەردەوام ورتە ورتی بوو. لە قوڵایی پرس و پرسیارەکانی ڕۆ دەچوو. یان بۆ ماوەیەکی زۆر لە شوێنێکی زۆر دوور ڕا دەما و نەیدەزانی نهێنیی دڵی لەگەڵ کێ باس بکا. کێ هەیە گوێی بۆ ڕاگرێ. نا کەڵکی نییە و خۆێ ماندوو دەکا. لێگەڕێ با هەر ورینگە و ورتەی بێ و چەندی پێ خۆشە ئەسپی خەیاڵی تاودا، خۆ  لە سەرابی خەونەکانی بڕوانی زۆر کەس لەو ڕێگایە بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە گەراون و سەریان لەسەر داناوە و  هێندێکیان هەتا ئێستاش بێ وەڵام ماوەن. بەدەنگی بابی کە لەو سەری مەیدانەکە کاری دەکرد وەخۆ هاتەوە: “ئاوم لەو پاستاوە گرتوە، هەتا نوێژەکەم دەکەم چاوێکت بە سەریەوە بێ. پڕ بوو بیگرەوە، نەیبڕێ هەموو فەنەرەکان و خشتەکان وێران دەکا!” _ بەسەرچاو خەمت نەبێ. زیاتر لە جاران خۆی ماندوو دەکرد بۆوەی لە هاوماڵەکانی دیکە دوا نەکەوێ. ئەو ساڵە قالبەکانیان گەورەتر کردبۆوە بۆوەی بازاڕ و ڕمێنی کەرپوچی خاوەنکار زیاتر بێ، بەڵام چار چییە بەشی تۆ هەر ماندوویەتییە، قەدیمیش گوتوویانە دەستی ماندوو لە سەر زگی تێرە و گۆشتی ڕانت بخۆ و منەتی نامەردان هەڵمەگرە! ڕۆژ دەهات و دەچوو. ئەو ماڵانەی لە کورەخانەکانی نزیک ئەوان کاریان دەکرد زۆیان ناسیاوی یەک و هیندێکیان بۆرە خزیمیش بوون. زۆربەیان لە بۆکانەوە هاتبوونە ئەوێ. دوو حەوتوویەک بوو نامەی بەدەست نەدەگەیشت. چاوەڕوان بوو. ئای چاوەڕوانی هەی مەرگت بە قوربان بێ چەندە ناخۆشی. خەمی یار و دوورە وڵاتی، گەرما و بیری نایەکسانی و ناعەداڵەتی. هەتا دەهات زەین و ڕوحی لێڵتر و ئاڵۆزتر دەکرد. بۆ دەبێ هەر قەدەری کورد وابێ؟ تۆ بڵێی ئەوە ویستی گەردوون بێ وا مێژووی ئێمە هەر لە دێر زەمانەوە بەدەست دابەشکاری سەفەوی و عوسمانییەکانەوە بە ناوی ئایین و ئیدۆلۆژیی فاشیستەکانەوە هەر قەتڵوعام و دەربەدەر و کوت‌کوت کراوین؟ یا ناتەبایی و ناوشیاریی خۆمانە! ئای بەختی ڕەش ئەوە لە جوگرافیا و ئەوە لە ئایین و ئەوش لە ناوشیاری ڕووناکبیری و بێ سەنعەتی وا کۆڵەی کوتاوین. کەم وابوو لە ڕۆژانی پشوودا لەگەڵ کەس بچتە شار و سەردانی بنەماڵەکانی دیکە لە کوورەخانەکانی نزیکیان بکا. ئەوندەی بەتەنیا بوایە خۆی بە خوێندنەوەی شێعر و کتێبەوە سەرقاڵ دەکرد. بەیانیی ڕۆژی هەینی بوو، نامەیەکیان بۆ هێنا: “ها! ئەو نامەیە بۆ تۆیە.” پشوویەکی هاتەوە بەر، بزەیەکی هاتێ. نامەی پڕ لە ئەوینی یار بوو. ئەو ڕۆژە زیاتر لە چەند جار سەر لەبەری نامەکەی خوێندە. نامەکە حەوتووی ڕابڕدوو گەیشتبوو، بە تاریخەکەیدا دیاربوو، بەڵام کەس نامەکەی بۆ نەهێنابوو، گوایە لەبیریان چووبوو. دڵخۆشییەکەی زۆری نەخایاند. ئای چ ڕۆژێکی ڕەش و شووم بوو. چۆن ژانت چزاندە جەرگمانەوە، خۆزگە هەرگیز ئەو ئێوارە ڕەشە بە سەردا نەهاتبایە، ڕۆژ ئاوا نەبوایە و زەمان و سووڕی گەردوون وستابایە. دنیا کاول و ئاخر زەمان و بوومەلەرزە عەرش و قورشی ژێر و ژوور و کاول کردبایە. بابی کە هەمیشە ئارام و لەسەرەخۆ بوو ئەو ئێوارەیەش ئارامتر لە ڕۆژان. ناهیدیش مات بوو. دەر و جیرانیش ڕەنگ و ڕووی ڕۆژانیان نەبوو. بەڵام ئەو لە گڕی عەشقی و هەواڵی خۆشی گراوەکەی و نامە پڕ لە سۆزەکەی زۆر سەرنجی دەوروبەری نەدا، یانی لە بەیانییەوە هەتا ئێوارێ خۆی لە قەرەی کەس نەدابوو. وختی شێودانان دنیا کش و مات بوو. هەموو ڕۆژێ بابی دەنگوباسی بی بی سی و ئیسرائیل و دەنگی ڕادیۆ کوردستانی بەفیرۆ  نەدەدا. تازە دەستیان بۆ نان بردبوو، بابی چاوێکی زۆر مانادار و ئارامی لە چاوی کرد، بەڵام هیچی نەدرکاند. زۆڕی پێ سەیر بوو. تۆ بڵێی بابم بە نێوەرۆکی نامەکەی زانیبێ؟! شەرمی کرد و سەری داخست، لە ناکاو ناهید بێ ئەوەی زۆر لە ئاکام و مەبەستی قسەکەی تێ بگا و قورسایی و گرانیی کارەساتەکەی لە درێژخایەندا بۆ ڕوون بێتەوە گوتی: دەڵێن  قاسملوویان شەهید کردوە، پاسدار شەهیدان کردوە. نازام چۆن بوو دڵی لە وەستان نەکەوت. پێی خۆش بوو مردبا و گوێی لەو قسەیە نەبایە. ڕووی کردە ناهیدی خوشکی و زۆر بەتوندی بەگژی داهات: - بێدەنگ بە کەس نازانێ دەڵێی چی؟ هیچ  نازانی بۆ قسە دەکەی؟ ناهید زۆر تێک چوو، شڵەژا. فرمیسک بە چاوەکانیدا هاتنە خوارێ. نەی دەزانی بۆ خۆی بگرێ یان بۆ دڵی برینداری براکەی کە ئەوندە بەو هەواڵە تێک چوو. بابی بێدەنگیی شکاند، ئاخە هەر سەر لە ئێوارێ هەمووان هەواڵە شووم و تراژیدییەکەیان بیستبوو بەڵام هەستیان بەوە کردبوو ئەگەر ئەو بزانێ زۆر دەشێوێ، بۆیە بێ دەنگییان لێ کردبوو. بابی گوتبووی جاڕی هەواڵەکە بڵاو مەکەنەوە بەشکم خودا بکا هەواڵەکە وەڕاست نەگەرێ، بەڵام مخابن... وشک و شڵەژاو... چاوێکی لە ڕوخساری بابی کرد... وردە فرمێسک لەسەر ڕوومەتەکانی بە سەر ڕیشە ماش و برنجییەکەی خوشین... ئاهێکی قوڵی هەڵ کێشا و گوتی: “سەبرت هەبێ، ئیشەڵا ڕاست نییە. کورەی لەجۆشی هەناوی دەسووتا و هەڵدەقرچا... گوێی لە قرچەی پشت و بۆنی سووتمانی جەرگی سوتاوی هەموو دایکی شەهیدانی کوردستانە، ئاخر ئەم ڕووداوە پڕ لە ژانە وەک هیچ کام لە کارەساتەکانی مێژوومان نییە، ئەمەیان لە ناسۆری کوشتاری دێرسیم و لەداردانی شێخانی نەهری و پێشەوا و هاواڵانی لە چوارچرا و شۆڕە سوارەکانی فەیزوڵابەگی و کارەساتی قاڕنێ و قەڵاتان، قەرەگۆل، کورەخانەکانی بەیاوا و سنەی خوێناوی و هەڵەبجە و ئەنفالی ڕەش و خیانەتی قەڵای دمدم و هەموو ئەوانە بە سامتر و کاریگەرتر و جەرگبڕترە. دە لێگەرێن، دەلێگەرێن با سەر هەڵگرم، سەر هەڵگرم بۆ لای چی وڵات و ڕێکخراوە نامرۆڤەکان و نەتەوە بێ کەرامەتەکان و پارێزەرە بێویژدانەکان و چی کەنیسەی دنیا و پاپی ڕووزەردی کاتۆلیک و ئوسقۆفی گەورەی پروتستان و ئایینە لێڵ  تەماوییەکان... دە لێگەرین با قوڕ خست بێ و بۆ سەری شەرمەزاری بێ. ناهید هەنیسکی دەدا پەشیمان بۆوە وای گوت. بابیان هەستی بە قووڵایی بڕک و ژانی دەکرد. ئەخە بۆخۆیشی کۆشکی هەموو هیواکانی لەسەر قاسملووی بیروباوەڕی هەڵچنیبوو . نانەکەی بەجێ هێشت، خۆێ گەیاندە ماڵی هاوسێکەیان زۆر ئاڵۆز و شێواو بوو. بەبێ ئەوەی هیچ بڵێ ڕادیۆکەیان لەبەر دەستی دانا. دەستی دەڵەرزی و گوێی لە ترپەی دڵی خۆی دەبوو. بە ئاسپایی پێچی ڕادیۆکەی ترازاند و موسیقایەکی حەزین و ئاگرین وەک گەرمەشین ئەوندەی دیکە گڕکانی هەناوی بەتین کرد. دەنگی شێربەگی بوو. وشک و بێ سۆز! زۆر خەماوی، ئەو شێربەگییەی گوڕەی دەنگی، دوژمنی وەلەرزە دەخست، ئەوڕۆ ڕۆڕۆیەتی و شین دەگێرێ. شمشاڵەکەی قالە مەڕەش خەماوییە، هەتا تەشقی ئاسمان هەر شین دەگێڕێ... “شەهید نەمرە وەکوو شاخ، وەکوو بەفر، وەکوو دەرەخت... شەهید ئاوە تینوێتی زەوی دەشکێنێ... شەهید باڵای بە قەد باڵای کوردستانە”. هەی ڕۆ هەی ڕۆ قەت کەسمان نەما لەبانگی دا. بوو بە سەردەستە شینگێڕی و ئەوانەی لە دەوری هاڵابوون، ژن و پیاو فرمێسکیان دەباراند و ڕۆژی ڕەش کە دەڵێن ئەو ڕۆژە بوو. هەموویان دڵخۆشییان دەداوە، دستێک قورسایی خستە سەر شانی، کەسێک بە کوڵی گریانەوە گوتی:” من برای شەهید سەعدوون بارزانم، منیش دڵ بریندارم”. جەرگم سەد جار کولاوە، دەستی دە ئەستۆی کرد. بابی گوتی لێی گەرێن دەزانم بە چی ئەهۆەن دەبێتەوە، بۆ خۆم دەیناسم، کوڕی خۆمە، لە خوێنی خۆمە و هەر چی بکات لۆمەی ناکەم. ئاخر هێندی زوڵم و زۆر و ناحەقی دیوە دەزانێ کێمان لەدەست چووە. دەڵێن گیان لە جێیەکی زۆر سەختە دەنا هەر ئەودەمی گیانی دەردەچوو... موسیقاکە لە هەموو ڕۆژان دوور و درێژتربوو. تەواو بوونی نەبوو، وەک خەمی ئێمە، بە ئەسپایی دەنگێکی گڕ و خەمناک... هەواڵەکەی پشت ڕاست کردەوە: “زۆر بەداخەوە دوکتور قاسملوو لەگەڵ دوو لە هاوڕێکانی کە بۆ کارباری دیپلۆماسی و سیاسی لە وڵاتی ئوتریش بوون، بەدەستی تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی شەهید بوون”. “چۆن نەناڵێ ئەو دڵەی پڕ هەستی من؟ چۆن لە ئەژنۆ ببنەوە دوو دەستی من؟” هەرچی دەکرد نە ئەژنۆی لەدوو دەهات نەلەسەر پێ ڕادەوستا. دەستی نەدەچووە کار. ئەو ساڵە هەر ئەو و ناهیدی خوشکی و بابی چووبوونە کورەخانە. چەند ڕۆژێکی پێ چوو، زۆر کەم کەسی دەدواند. بێدەنگی باڵی بەسەر کار و ژیانیدا کێشابوو. بڕیاری کۆتایی دابوو، بەڵام کات و ساتەکە نەگونجاو و ناسک بوو، هەم لە ڕووی دەروونییەوە هەم لە ڕووی کار و دوورە وڵاتییەوە. ئاخر شوێنی کارەکەیان کورەخانەی گوڵپایەگان، شەش کاتژمێر لەولای تاران بوو و نەش دەکرا بابێکی بەتەمەن و خوشکی بە تەنیا لە غەریبایەتی بە تەنیا جێ بێڵێ، بەڵام هێور بوونەوەی  ئەو ئاگرەی لە هەناویدا بوو زەحمەت بوو بە وتەکانی قاسملوو نەبێ: “ئێمە لەمێژە بەڵێنمان بە شەهیدان داوە ناگرین، بەڵکوو درێژەدەری ڕێبازیان دەبین... پاشترین پاداش بۆ شەهیدان تەنیا درێژدانی ڕێگەیانە...” ئەو پەیامە بۆ ئەو چرای ڕێگای خەبات و سەبووریی خەمەکانی بوو. بابی زۆر باش بە بریار و بەڵێنی ناخی دەزانی، بۆیە بۆ یەک جاریش نە سەرکۆنەی کرد و نە ڕووی لێ گرژ کرد، بگرە هاوخەم و هاندەر و هاوبیر و ڕێنوێنیشی بوو. ڕۆژیک بە ئارامی و لەسەرخۆیی پێی گوت:” ڕۆڵە گیان، کوڕم! دەزانم کارەساتەکە چەندە قورس و بەژان و زەحمەتە بەڵام هیچ ناکرێ. ئەوەی بەسەر ئێمەهات هەر خوا دەزانێ چەندە ناخۆشە. ڕۆڵەم گەردنت ئازا بێ گلەییم لێت نییە ئەوە خەرجیی ڕێ”. بیست هەزار تمەنی لە پێش دانا و گوتی:” کەی پێت باش بوو برۆ بۆ نێو کوڕەکان، خەمی ئێمەت نەبێ خوا یارت بێ، بەڵام کوڕم ناسر ئاگاداری خۆت بە”.