کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەمانی بەرهەمە شیرەمەنییەکان لە سەبەتەی خۆراکدا

17:17 - 8 بانەمەڕ 2724

ڕۆژنامەی "یاقووتی وەتەن" لە چاپی ڕۆژی شەممە ٨ی بانەمەڕی خۆیدا لە ڕاپۆڕتێکدا پەرژاوەتە سەر گرانبوونی شیرەمەنییەکان و دابڕانیان لە سفرەی خەڵکی ئێران.

ڕاپۆڕتەکە باس لەوە دەکات کە کەمبوونەوەی هێزی کڕینی خەڵک لە گۆشتی سوورەوە گەیشتووە بە شیرەمەنییەکان و بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی فائۆ لە ساڵی ٢٠٢٣ی زایینیدا بەرهەمهێنانی شیر و شیرەمەنییەکان لە ئێران بە ڕێژەی ٢٦٨ هەزار تۆن کەمی کردووەتەوە، لەحاڵێکدا کە ڕێژەی هەناردەکردنی ئەم بەرهەمە نێوخۆییە ٤٢ لەسەد زیادی کردووە.

محەممەدڕەزا بەنی تەبا وتەبێژی ئەنجومەنی پیشەسازیی بەرهەمە شیرەمەنییەکانی ئێران  ڕایگەیاندووە کە بە پێچەوانەی بڕوای گشتی، گرانبوونی شیرەمەنییەکان بە هۆی تەماحی وەبەرهێنەرەوە نییە بەڵکوو هۆکارەکەی تەنیا سیاسەتەکانی دەوڵەتە کە لە ئاکامدا بووەتە هۆی ئەم گرانییە.

بەنی تەبا زیادی کردووە: بەپێی سیاسەتە هەڵەکانی دەوڵەت ڕێژەی ئەو شیرکەتانەی وا شیرەمەنی بەرهەم دەهێنن لە ١٠٠٠ شیرکەتەوە لە دەیەی ٨٠ بۆ نزیک بە ٢٠٠ شیرکەت لە ئێستادا کەمی کردووەتەوە.

یاقووتی وەتەن لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆڕتەکەیدا و بە پشتبەستن بە ئامارە فەرمییەکان ڕایگەیاندووە کە ڕێژەی خواردنی شیرەمەنییەکان لە ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی بۆ هەر تاکێک زیاتر لە ١٨٠ کیلۆ بووە لەحاڵێکدا کە بەپێی دوایین ئامارەکان ئەم ڕێژەیە لە ئێستادا بۆ ٥٥ تا ٦٠ کیلۆ دابەزیوە.

دابڕانی شیرەمەنییەکان لە دوای گۆشتی سوور دووهەمین دابڕانی خۆراکە پێویستەکانە بۆ هەر تاکێک کە بایەخێکی زۆری بۆ تەندروستی هەیە، بەڵام لە ئێستادا دەبێت چاوەڕوانی دابڕانی ئەم بەرهەمە پێویستەیش لە سەر سفرەی بەشێکی زۆری خەڵکی ئێران بین.