کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێی خانوو لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا ٤٢ لەسەد زیادی کردووە

11:47 - 8 بانەمەڕ 2724

لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا کرێی خانوو بە بەراورد لەگەڵ خاکەلێوەی ساڵی ڕابردوو ٤٢ لەسەد زیادی کردووە.

بەپێی ڕاپۆڕتی ڕۆژنامەی "دنیای ئێقتساد" هەڵاوسانی مانگ بۆ مانگ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و بەو هۆیەوە کرێی خانوو لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا بە بەراورد لەگەڵ خاکەلێوەی ساڵی ڕابردوو ٤٢ لەسەد زیادی کردووە و هەروەها بە بەراورد لەگەڵ مانگی پێشتری، یانی ڕەشەمەی ١٤٠٢ بە ڕێژەی ١.٧ لەسەد زیادی کردووە.

ئەم ڕۆژنامەیە وێڕای ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە بەرەو باشی چوونێک لە بازاڕی کرێ خانوودا زیادی کردووە کە خێرایی بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ و ساڵانەی کرێی خانوو لە دوو سێ ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی مێژوویی و بەرچاو زیادی کردووە.

لەم ڕاپۆڕتەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە بەپێی لێکۆڵینەوەکان لە بازاڕی کرێ خانوودا دەردەکەوێت کە کاربەدەستانی دەوڵەت بە بێ ڕەچاوکردنی ڕاستییەکان باس لە چاکسازی و باشتربوونی دۆخی کرێ خانوو دەکەن.

ئێحسان خاندووزی وتەبێژی ئابووریی دەوڵەت لە ٢٩ی خاکەلێوەدا باسی لە کارکردی باشی دەوڵەت لە بواری کرێ خانوودا کردبوو و ڕایگەیاندبوو کە دەوڵەت لەچاو ساڵانی ڕابردوو لەم بوارەدا توانیویەتی سەرکەوتنێکی باش بەدەست بێنێت.

دنیای ئێقتساد بەپیی داتاکان هەر جۆرە باشتربوونێکی دۆخی کرێ خانوو لە ئێران و بەتایبەتی لە کاتی دەوڵەتی سێزدەهەمدا ڕەت دەکاتەوە و ڕایگەیاندووە کە بازاڕی کرێ خانوو لە دەوڵەتی ڕەئیسیدا ڕێکۆردی زیاترین بەرزبوونەوەی لە مێژووی خۆیدا تۆمار کردووە.

ئەم ڕۆژنامە لەم پێوەندییەدا زیادی کردووە کە بەپێی داتاکان هەڵاوسان لە کرێ خانوودا لە تاران لە ساڵی ١٤٠٠ تا کۆتایی ساڵی ١٤٠٢ بە نۆرە ٤٥ لەسەد، ٤٤ لەسەد و ٥٢ لەسەد زیادی کردووە.