کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١١٧ حاڵەتی ئاشکرای پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان لە مانگی یەکەمی ساڵدا

17:12 - 8 بانەمەڕ 2724

بە پشتبەستن بە حاڵەتە تۆمارکراوەکان لەلایەن ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپاوە، تەنیا لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا، ١١٧ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەوانە، دەسبەسەرکران، درێژکردنەوەی ماوەی دەسبەسەرکران و مانگرتن لە خواردنی بەندکراوانی سیاسی، کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران، لەسێدارەدان، سزادران و گوشار و سەرکوتی کۆمەڵگە تۆمار کراوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لەم مانگەدا ٢٩ هاووڵاتیی کورد لەوانە چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنی، بەندکراوانی سیاسی، هونەرمەند و نووسەر و دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژینا، بنەماڵە مافخوازەکان و کەسانێکی پێوەندیدارە بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان و ئەو کەسانەی کە ڕەچاوی حیجابی زۆرەملێ ناکەن، دەسبەسەر کراون.

لەم ماوەیەدا ماوەی دەسبەسەرکرانی دوو کەس لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژینا و سێ کەس لە بەندکراوانی کوردیش بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕی بە لێدان و توندوتیژیی گاردی تایبەتی بەندیخانەی ورمێ، مانیان لە خواردن گرتووە.

بەگشتی ٥٧ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم، تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی، سەرمابردوویی، لێدان و توندوتیژیی هێزە نیزامییەکان، برینداربوون لە ئاکامی ڕاوەدوونان و وەستانی دڵ لە کاتی کۆڵبەریدا کوژراون و بریندار کراون کە کوردپا ئەم ئامارەی ٨ کوژراو و ٤٩ بریندار ڕاگەیاندووە.

لەلایەکی دیکەوە، ١٠ حاڵەتی سزادران بە بەندکران و سزاکانی دیکە  تۆمار کراوە کە بەگشتی ٤٠ ساڵ و ٤ مانگ بەندکرانی تەعزیری و هەڵپەسێردراو ، ١١٧ میلیۆن تمەن سزای نەختی و سێ حاڵەتی دوورخستنەوە بۆ بەندیخانەی شارەکانی دیکە لە خۆ دەگرێت.

لەم ڕاپۆرتەدا هەروەها ئاماژە بە ١٢ حاڵەتی گوشار و سەرکوت لەوانە هێرش بۆ سەر ماڵی هونەرمەندێکی کورد، زیاتر لە ٦ حاڵەتی پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆزی، ڕوبەڕووبوونەوە لەگەڵ بەڕێوەچوونی سێ ڕێوڕەسمی نەورۆزی و داخستنی کتێبفرۆشیی ژیرا و کۆمەڵگەی بازرگانیی "بانتا" لە سنە بە هۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ کراوە.

 

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە هاووڵاتییەک بە هۆی تەقینەوەی مینە بەجێماوەکانی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق کوژراوە و دوو بەندکراوی کوردیش لە پێوەندی لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکاندا لە سێداە دراون.