کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا مەولوودی: ئیدیعاکانی ڕەزا پەهلەوی لە گەڵ واقعی سیاسی و ئەتنیکیی ئێران یەک ناگرنەوە و ئەم ڕوانگەیە هیچ قازانجێک بە داهاتووی ئێران ناگەیەنێ.

14:00 - 19 رەزبەر 2720

جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کاک مستەفا مەولوودی ڕوانگە و ئیدیعاکانی شازادە ڕەزا پەهلەوی لە پێوەندی لە گەڵ ئێران و نادیدەگرتنی ماف و ئازادی‌یە نەتەوەییەکانی گەلانی ئەم وڵاتەی بە نادرووست لە قەڵەم‌دا و ڕایگەیاند کە ئەم بۆچوون و تێڕوانینانە زیان بە پرسی دێموکراسی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نەتەوەکان لە ئێرانی داهاتوودا دەگەیەنێ. بەڕێز مستەفا مەولوودی کە بە نوێنەرایەتی لە دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کۆنفڕانسی ئەندامانی ئاشکرای حیزب، ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی ١٨ی ڕەزەری ١٣٩٩ی هەتاوی لە شاری سلێمانی وتارێکی پێشکەش کرد، ویڕای باسکردن لە گرینگیی تەشکیلات لە حیزبی دێموکرات‌دا، لە پێوەندی لە گەڵ داهاتووی ئێران و تێڕوانینی حیزبەکەی لەم بارەوە قسەی بۆ بەشداران کرد. بەڕێزیان لە قسەکانی‌دا وێڕای ئاوڕدانەوە لە هەڵوێست و سیاسەتەکانی حیزب لە قۆناغە جیاجیاکان‌دا بەرانبەر بە سیاسەتە دژی‌گەلییەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئاماژەی بە هەموو ئەو شێوازانە لە خەبات کرد کە حیزبی دێموکرات بۆ دابینکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان گرتوویەتە بەر. جێگری سکرتێری گشتیی حیزب لە بەشێکی دیکە لە قسەکانی‌دا کە تایبەت بوو بە داهاتووی ئێران و چۆنیەتی بنیاتنانەوەی ئەم وڵاتە لە سەر بنەمای دێموکراسی و دابینبوونی مافی نەتەوەکان، باسی لە ڕوانگە و بۆچوونی ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی کرد و بە ڕەخنەگرتن لە تێڕوانینی بەشێک لەم هێزانە بۆ پرسی دێموکراسی و مافی گەلانی جیا لە نەتەوەی دەسەڵاتدار، پێی وابوو کە ڕوانگەی ناوەندگەرایی و نادیدەگرتنی مافی نەتەوەکان گەورەترین مەترسین بۆ سەر داهاتووی ئەم وڵاتە. لەم بەشە لە قسەکانی‌دا بەڕێز مەولوودی بە ئاماژەدان بە دوایین بۆچوونی ڕەزا پەهلەوی، کوڕی دوایین شای ئێران وتی: ئەوەی ڕەزا پەهلەوی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی بۆ ئیرانی داهاتوودا باسی لێوە دەکات، بە هیچ شێوەیەک لە گەڵ واقعیەتی کۆمەڵگەی ئیڕان‌دا ناگونجێ و ناتوانێ وڵامدەری زەرورەتی سیاسیی ئێستا و داهاتووی ئەم وڵاتە بێت. مستەفا مەلوودی ڕایگەیاند؛" ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان بە هیچ شێوەیەک ناچینە هاوپەیمانییەکەوە کە باوەڕی بە ئەسڵی دێموکراسی و دابینکردنی مافی نەتەوەکانی ئیران و یەک لەوان نەتەوەی کورد نەبێ". بۆیە ڕاشکاوانە وێڕای ئاماژەدان بە نێوەرۆکی ڕوانگە و بۆچوونی بەشێک لە هێز و لایەنە ئێرانییەکان لە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن، ڕایگەیاند کە بێ باوەڕیی ئێرانییەکان بە مافی نەتەوەکانی ئەم وڵاتە و قبووڵنەکردنی جیاوازییە ئەتنیکییەکانی ئەم وڵاتە و خۆ گێلکردن لە چارەسەریی ئەم پرسانە، ناتوانێ بە قازانجی داهاتووی ئێران بێت. هەر لەم پێوەندییەدا بەڕێز کاک مستەفا مەولوودی باسی لە ڕۆڵی کورد لە داهاتووی گۆڕانکارییەکان لە ئێران و دەستەبەرکردنی مافە نەتەوایەتییەکانی خەڵکی کوردستان کرد و لەم بارەوە وەک هەمیشە، یەکگرتوویی نێوان حیزبە سیاسییەکانی کورد و هەروەها یەکڕیزیی کۆمەڵگەی کوردستانی بە زەرووری زانی. لە دوایین بەشی کۆنفڕانسەکەدا کە بریتی بوو لە ئەندامانی کۆمیتەی ئەندامانی ئاشکرای حیزب لە شاری سلێمانی و ناوچەکانی گەرمیان لە باشووری کوردستان، بە ئامادەبوونی نوێنەری کۆمیسیۆنی چاودێری لە پێڕەوی نێوخۆی حیزب و نوێنەری کۆمیسیۆنی تەشکیلات، ئەندامان لە پرۆسەیەکی دێموکراتیک‌دا نوێنەرانی خۆیان بۆ کۆمیتەکان هەڵبژارد.