کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی هەیئەتێکی حیزب لە کۆڕیادی "مەلای گەورە"ی کۆیەدا

16:35 - 19 رەزبەر 2720

هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کۆڕیادی ٧٧ ساڵەی کۆچی دوایی "مەلای گەورە"ی شاری کۆیەدا بەشداریی کرد و پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەو بۆنەیەی پێشکێش بە لێژنەی یادەکە کرد. بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، ١٩ی ڕەزبەر هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە سەرپەرستیی عومەر باڵەکی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەشداریی لە کۆڕیادی ٧٧ ساڵەی کۆچی دوایی "مەلای گەورە"ی شاری کۆیەدا کرد، کە لە مەڵبەندی ١٤ی ڕێکخستنی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان‌دا بەڕێوە چوو. ئەم کۆڕیادەدا بە وتاری ئەبوزەید، بەرپرسی مەڵبەندی ١٤ی ڕێکخستنی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان‌ دەستی پێکرد، دواتر وتاری د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک‌کۆماری عێڕاق بەو بۆنەیە لەلایەن پڕۆفیسۆر د. جەواد پێشکێش کرا. لەم کۆڕیادەدا زیندن مەوڵوود، بریکاری وەزارەتی ئەقاف و کارووباری ئایینی، د. حەیدەر لەشکەری مامۆستای زانکۆی کۆیە و پڕۆفیسۆر هۆشیار زەکی لەسەر کەسایەتیی ئایینی، زانستی و ڕووناکبیریی مەلای گەورە قسەیان کرد. لە بڕگەیەکی دیکەی کۆڕیادەدا "تەفسیری کوردی لە کەلامی خوداوەندی" کە تەفسیری قوڕئانی پیرۆز و لە نووسینەکانی مەلای گەورەیە و لەلایەن د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک‌کۆماری عێڕاقەوە چاک کراوەتەوە؛ بەدیاری بە بەشدارانی کۆڕیادەکە درا. لە بەشێک لە پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ ئەو کۆڕیادەدا کە پێشکێش بە لێژنەی بەڕێوەبەری کرا هاتوە: مێژووی کۆیە، بەختیار و سەربەرزە بە بوونی چەندین کەسایەتیی ڕووناکبیر و شوێندانەر کە ناوبانگی زانایی و بلیمەتییان، هەر وەها شوێنەوار و کاریگەریی جیهانبینی و نووسین و بەرهەمەکانیان، سنووری کۆیە و تەنانەت ئەم بەشەی کوردستانیان بڕیوە و، بۆ هەر تاکێکی وشیار و پێزانی کورد لە هەر بەشێکی کوردستان، جێگای ڕێزن. دۆست و دڵسۆز و خۆشەویستی حیزبی دیموکراتی کوردستان، زیندەیاد مەسعوود محەممەد، کوڕی مەلای گەورە، یەکێکی دیکە لە بلیمەتەکانی ئەم شارە بوو. حیزبی دیموکراتی کوردستان بە ڕێزەوە یادی ئەو کەسایەتییە گەورانە، بە تایبەتی مەلای گەورەی کۆیە دەکاتەوە و سەری ڕێز لە ئاستیان دادەنوێنێ. شانازییش بە پشتیوانی و هاوپێوەندیی لەمێژینەی خەڵکی کۆیە لە گەڵ خۆمان دەکەین. مەلا محەممەد کوڕی حاجی مەلا عەوڵای جەلی‌زادە ناسراو بە "مەلای گەورە" ساڵی ١٢٥٥ی هەتاوی لە شاری کۆیە لەدایک بووە. مەلا محەممەد کە بە پێشەنگی ڕەوتی ڕووناکبیریی لەنێو مەلایانی کوردەواری دادەنرێ و کۆمەڵێک بەرهەم یەک لەوان تەفسیری قوڕئانی لەپاش بەجێ ماوە، ساڵی ١٣٢٢ی هەتاوی کۆچی دوایی کردوە.