کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی ئەندامانی حیزب لە دەڤەری سۆران

14:18 - 23 رەزبەر 2720

کۆنفرانسی ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دەڤەری سۆرانی باشووری کوردستان بەڕێوەچوو و ئەندامانی کۆمیتەی نوێی حیزب لە سۆران هەڵبژێردران. لە درێژەی بەستنی کۆنفڕانسی ئەندامانی حیزب لە باشووری کوردستان بە مەبەستی هەڵبژاردنەوەی کۆمێتەکان، دوانیووەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، ٢٢ی ڕەزبەری ١٣٩٩ی هەتاوی، کۆنفڕانسی ئەندامانی حیزب لە دەڤەری سۆران بەڕێوە چوو. لە سەرەتا کۆنفڕاس‌دا کە بە ساتێک بێ‌دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستیپێکرد، بەڕێز لوقمان موئمنی، بەرپرسی ناوەندی ٣ی کوردستان باسێکی سیاسی پێشکەش کرد. بەڕێزیان لە باسەکەیدا وێڕای ئاماژەدان بە سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕش لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ وڵاتانی دەورووبەر، باسی لە ستراتێژیی هیلالی شیعە، هەزینەی قورسی ئەم سیاسەتە و کاریگەرییە سیاسی و ئابوورییەکانی بۆ سەر خەڵکی ئێران و لە کۆتایی‌دا، شکست‌هێنانی کرد. لە بەشێکی دیکەی کۆنفڕانس و دوای بەشداریکردنی هاوڕێیان لە باسە سیاسیەکەدا، ڕاپۆرتی کۆمیتەی حیزب لە سۆران لە لایەن بەرپرسی پێشووی کۆمیتەوە خوێندرایەوە. لە دوایین بەشی کاری کۆنفڕانس‌دا، ئەندامانی حیزب لە پرۆسەیەکی ئازاد و دێموکراتیک دا بە چاودیڕیی نوێنەری کۆمیسیۆنی پاریزگاری لە پێڕەوی نێوخۆ، ئامادەبوونی بەرپرسی کۆمیتەی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزب لە باشووری کوردستان و نوێنەری کۆمیسیۆنی تەشکیلات، نوێنەرانی خۆیان بۆ کۆمیتەی حیزب لە سۆران هەڵبژارد.