کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی سیاسی تەشکیلاتی لە ناوەندی دووی کوردستان

15:11 - 24 رەزبەر 2720

کۆبوونەوەیەکی سیاسی تەشکیلاتی لە ناوەندی دووی کوردستان بە بەشداریی کاک خالید عەزیزی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو. بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی کۆبوونەوەیەکی سیاسیی تەشکیلاتیی لە ناوەندی دووی کوردستان، بە بەشداریی کاک خالید عەزیزی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی ئەو ناوەندە ڕێکخرا. ئەو کۆبوونەوەیە سەرەتا بە چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کورد و کوردستان دەستیپێکرد و پاشان بەڕیز خالید عەزیزی سکرتێری گشتیی حیزب باسێکی تێر و تەسەلی لەسەر بارودۆخی سیاسیی ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتیی پێشکەش کرد و دواتر لەسەر چەند باس و بابەتی جیهانی و ناوچەیی و بە تایبەت هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەمریکا و کاریگەرییەکانیان لەسەر ناوچەکە و ئێران و کوردستان بۆ بەشداران شیکردەوە. بەڕێز عەزیزی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەسەر دانیشتنەکانی دوو لایەنی دێموکرات بۆ یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات وردەکارییەکانی ئەو دانیشتنانەی بۆ بەشداران باس کرد و سەرنج و تێبینی بەشدارانیش لەسەر بابەتەکانی کۆبوونەوەکە، کۆتا بابەتی ئەم کۆبوونەوەیە بوو.