کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سمایل شەرەفی: نەبوونی ئالترناتیڤێکی متمانەپێکراو سەرەکیترین خاڵی لاوازی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی خەڵکی ئێرانە

14:53 - 26 رەزبەر 2720

سمایل شەرەفی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان: نەبوونی جێگرەوەیەکی متمانەپێکراو بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئێستادا بە سەرەکیترین کەمایەسیی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی خەڵکی ئێران دەزانێ. لە کۆنفڕانسی ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان‌ لە شاری قەڵادزێی باشووری کوردستان کە دوانیوەڕۆی ڕۆژی پێنشەممە، ٢٤ی ڕەزبەری ١٣٩٩ی هەتاوی بەڕێوەچوو، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان، سمایل شەرەفی باسێکی سیاسیی پێشکەش کرد و لە پێوەندی لە هۆکارەکانی درێژەکێشانی تەمەنی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامی لە ئێران قسەی بۆ بەشداران کرد. بەڕێزیان وێڕای ئاماژەدان بە خەباتی پڕ لە فیداکاری و تێچووی گەلانی ئێران دژ بەم ڕێژیمە و پێگەی لاوازی کۆماری ئیاسلامیی ئێران لە ئاستی نێونەتەوەیی و نێوخۆیی و داڕمانی سیستەمی ئابووریی ئەم وڵاتە، پەرژایە سەر هۆکارەکانی مانەوەی ڕێژیم. بەڕێز شەرەفی لەم پێوەندییەدا هاوکات لە گەڵ قسەکردن لە سەر بەشێک لەو کارت و دەرفەتانەی کە بوونەتە هۆکاری ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ماوەی زیاتر لە چوار دەیە خۆی بە سەر وڵاتی ئێران و خەڵکی ئەم وڵاتەدا بسەپێنێ، نایەکگرتوویی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن و لە کۆتایی‌دا نەبوونی ئالترناتیڤێکی جێی هیوا و متمانەپێکراوی لە قۆناغی ئێستادا بە سەرەکیترین خاڵی لاوازی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی خەڵکی ئێران لە قەڵەم دا. ئیسمائیل شەرەفی لەمبارەوە وتی: لە ئێستادا زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی ئێران و بە تێکڕای گەڵانی ئەم وڵاتە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان ناوێ، بەڵام لە بەرانبەریش‌دا لەوەدا ماونەتەوە کە بۆ داهاتووی ئیدارەی ئەم وڵاتە پشت بە چ کەس و لایەنێک ببەستن و ئالترناتیڤێکی متمانە پێکراو شک نابەن،ئەگەر خەڵکی ئێران لە سەر ئاستی سەرانسەری ئەم وڵاتەدا هەست بەوە بکەن کە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن توانای ئەوەی هەیە ببێتە ئەو هێزەی کە متمانەی پێبکەن، بەدڵنیاییەوە خستن و لادانی کۆماری ئیسلامی کارێکی دژوار نابێ. لە بەشێکی دیکە قسەکانی‌دا ئیسمائیل شەرەفی ئاماژەی بە بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان کرد و پێی وابوو بە پێچەوانەی بزووتنەوەی سەرانسەری لە ئێران، لە کوردستان‌دا خەڵک تا ڕادەیەک باوەڕ و متمانەیان بە حیزبەکانی خۆیان هەیە و، پێویستە حیزبەکانیش لە ئاست چاوەڕوانییەکانی خەڵکی خۆیاندا بتوانن بە گرتنەبەری هەڵوێست و سیاسەتی درووست و کارکردن بۆ یەکگرتوویی زیاتری نێوانیان ئەم هیوا و متمانەیە بپارێزن. لە بەشێکی دیکەی کۆنفرانسی ئەندامانی حیزب لە شاری قەڵادزێدا هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆمیتەی نوێ و بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ئەندامان بەڕێوەچوو کە ئازادانە و بە شێوەیەکی دێموکراتیک ئەندامانی کۆمیتە لە لایەن ئەندامانەوە دەنگی متمانەیان پێدرا.