کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سمینی سووچێکی هەڵڵای ماڵی خاڵم

16:45 - 16 خەزەڵوەر 2720

دارسمەی موخلیستان دوای ئەوەی خووی کەوتە سەر زمانی کوردی و کەیفی پێی هات، وەک زەڕە زمانزانەکان و بەشی بەرچاو و هەراوی ڕۆژنامەنووسانی گەنجی کورد زۆر شتی لێ تێکەڵ بوو. بەڵێ ئێستا من زۆر وشە و ڕێکوەند لە زمانی دەرودراوسێی کورداندا دەبیسم و لە هێنانەوە و دانانی هاوتا کوردییەکەیاندا دەمێنمەوە. ئێمە له‌گەڵ برایانی فارس و تورک و عەڕەب دراوسێین. دیارە نزیکەی سەد ساڵێک دەبێ ئێمە واتا کوردەکان، منی دارسمەش ئەوەندە لە دارستانی کوردان دارم کوتاوە و ڕزق و ڕۆزیی بچووکانم لێ کۆ کردووەتەوە، وەک ئەوان خۆم بە کورد دەزانم. بەڵی ئێمە خۆمان دەگەڵ ئەو دراوسێیانە بە برا دەزانین، بەڵام ئەوان بە برا بچووکیشمان نازانن و ئێمەش ناچارین پێیان بڵێین خاڵە. هیچ مەبەستیشم ئەمە نییە کورد بە حەریفی دایکی دەڵێت خاڵە. ماڵی خاڵە فارسەکانمان ڕۆژ بە ڕۆژ شتی سەیر و سەمەرەتریان لێوە دەردەکەوێ. با جارێ درێژ‌دادڕی نەکەم و بچمەوە سەر ئەو وشەیەی لە سەرەتای ئەم بەسەرهاتەدا دەمهەویست هاوتا کوردییەکەی بدۆزمەوە.  فارسەکان دوای ئەوەی لە سایەی بندەست کردنی گەلانی دراوسێ کەوتنە ژیانی خۆش و ئاسوودەوە، بەشێکی زۆریان لە جیات خانووی چەند نهۆم و باڵەخانەی قەسرئاسا، ڕوویان کردە خەوتن لە نێو ئەو مقەبا گەورە و بچووکانەی لەملاو ئەولا فڕێ دەدرێن.  خۆیان ناوی ئەو کەسە بێ ماڵ‌وحاڵانەیان ناوە "کارتۆن‌خاب" واتە ئەوانەی لە کارتۆندا دەخەون. زۆر جار نووسەرانی کورد دەڵێن ئێمە چونکە ژیانمان لە دەریاکان دوورە، وشەی وامان کەمە پێوەندییان بە دەریاوە هەبێت. جا بۆ کارتۆن‌خابیش هەر وایە. ڕاستە ڕۆژانە بە دەیان تۆن کارتۆنی شتومەک لە کوردستان کۆدەکرێنەوە و بۆ نوێکردنەوە یان "ریسایکلین" دەبرێنەوە کارگە و کارخانەکان، بەڵام جارێ لە کوردستان ئەوەندەی لە دەریا دوورین لە خەوتنی نێو کارتۆنیش بە دوورین. ئەم هەموو شێر و ڕێویەم بۆ ئەوە هێنایەوە کە باسی شتێکی سەیر و سەمەرەتان بۆ بکەم. ئەم ڕۆژانە لە هەواڵە فارسییەکاندا بیستمان و خوێندمانەوە کە بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانیی ئێران داوای کردوە کارتۆن‌خاب یان کارتۆن‌خەوە هەناردە کارەکان ناویان بڵاو بکرێتەوە. غولامحوسێن شافعی، سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئێران چەند ڕۆژ لەمەوبەر لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی گشتیی بانکی نێوەندیی ئێران داوای کردوە ناوی ئەم کارتۆن‌خەوانە بڵاو بکرێتەوە کە کاڵایەکی زۆریان هەناردەی دەرەوە کردوە. شافعی داوای کردوە ناوی ئەو بازرگانانە بڵاو بکرێتەوە کە حەوت میلیارد دۆلار سەرمایەی بابەتی هەناردە کراوی کاڵا بۆ درەوەی وڵاتیان نەگەڕاندۆتەوە نێوخۆی ئێران. سەرۆکی ژووری بازرگانی ئێران گوتوویەتی: ٢٥٠ هەناردەکاری سەرپێچیکار کە ٧٠ کەسیان کارتۆن‌خەون بە دەسەڵاتی دادوەری ناسێنراون. سەرۆکی بانکی نێوەندیی ئێران پێشترێ فەرمووبووی لە سەرەتای هاوینی ئەمساڵەوە هەناردەکاران بە ناوی کەسانی کارتۆن‌خەوەوە کاڵایان هەناردە کردوە و پارەکەیان بۆ ئێران نەگەڕاندۆتەوە. کورد گوتەنی: "بە کەر ناوەستین، ڕەپە ڕەپە لە کورتانی". منیش با لە چەپەکانی لای خۆمان وەرسووڕێم و بکەومە گیانی ئەوان. کاک میرزا ناسر هیمەتی سەرۆکی بانکی نێوەندیی ئێران کە بڕیار بوو چەند ڕۆژ لەمەوبەر واز لە پۆستەکەی بهێنێ و ناچارە بۆ وەڵامدانەوەی گران کردنی دۆلار و دابەزاندنی بایەخی پارەی ئێران سەری لە هەموو دەر و دیوارێک بکوتێ، خەریکە بە ناوی جۆراوجۆروەوە شتەکەی لە ملی خۆی دادەماڵێ. لەم کات و ساتەدا هیچ بە‌دوور نییە هاوڕێ کوردە چەپەکان کە بەردەوام چاویان لە جیرانە براگەورەکانمانە، بیر لە کارتۆن‌خەوەکانی تاران بکەنەوە و دیسان هاوار بکەن "زەحمەت‌کێشانی جیهان یەک ‌گرن" و بۆ بەرگری‌ کردن لە کارتۆن خەوە سەرما لێدراوەکانی تاران و دۆخی هەژارانەیان پاساو بهێننەوە. ئەو کاتەی برایانی کرێکاری کارەگەی گەورەی ئاسن‌تاواندنەوەی موبارەکەی ئسیفەهان بە کۆمەڵ دەبوون بە بەسیج و دەهاتن دەستان بە کوشت‌وبڕی خەڵک دەکرد و بەر لە هەموو شتێک چەپەکانی خۆمانیان دەدایە بەر ڕێژنەی گوللـه، ئەم چەپانەی خۆمان دەیانگوت: "زەحمەت‌کێشانی جیهان یەک‌ گرن." من ئەگەر باڵندەیەکی بچووک نەبوایەم و دەسەڵاتی مرۆڤم بوایە، دەمگوت، خۆزگە ماڵی خاڵم بە هەموو شتێکەوە وێران دەبوو. "برین لە خۆم نەبێت، وا دەزانم لە جەواڵی کایە."