کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریندار بوونی دوو کۆڵبەر لە بەرزاییەکانی سنووری بانە

15:29 - 28 بانەمەڕ 2721

دوو کۆڵبەر بەناوەکانی "یوسف ئەمینی و عەبدوڵا" لە بەرزایی سنوورەکانی شاری بانە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەسەختیی بریندار کراون. بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەلاتی کوردستان "چاونیوز"، ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، هێزە داگیرکەرەکانی هەنگی مەرزیی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی "زەڵێ"ـی سەربە شاری بانە تەقە لە کاروانی کۆڵبەران دەکەن کە لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بە ناوی “عەبدوڵڵا” تەمەن ٥٠ ساڵ بە سەختیی بریندار دەبێ و ئەو کۆڵبەرە ئێستا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەو شارە لەژێر چاوەدێری پزیشکیدایە. لەلایەکی دیکەشەوە هەر لە ڕۆژی دووشەممەدا، کۆڵبەرێکی تەمەن ٢٢ ساڵ بەناوی "یوسف ئەمینی" خەڵکی گوندی "نەنۆر"ـی سەربە شاری بانە لە ناوچەی سنووری "بڕوێشکانی" بە تەقەی ڕاستەوخۆ و ئانقەستی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بریندار کراوە.