کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لاوێکی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە هەولێر ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا

14:35 - 29 بانەمەڕ 2721

لاوێکی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی بێهزاد مەحموودی لە بەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە شاری هەولێر و لە بەرچاوی میدیاکانی باشووری کوردستانەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا. ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لە بەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان، دوو لاوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە وەکوو پەناخوازێک داواکارییەکانیان لە لایەن ئەو ڕێکخراوەوە پشتگوێ خرابوو، بۆ ناڕەزایەتیی دەربڕین دەچنە بەردەم ئەو بارەگایە و یەکێکیان بە ناوی بێهزاد مەحموودی، خەڵکی بۆکان لە بەرچاوی بەشێک لە میدیاکانی باشووری کوردستان و لە حاڵێکدا کە ئەو ڕووداوە ناخهەژێنەیان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەگواستەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و خۆی سووتاند. شایانی باسە کە لەو ڕووداوەدا نە ئەو کەسانەی کە وەکوو هەواڵنێر و میدیاکار لە شوێنەکە بوون و نە کارمەندان و بەرپرسانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کەسیان بە هانای ئەو کوڕەوە نەچوون و تەنیا سەیرکەری ڕووداوەکە بوون. جێگای ئاماژەیە کە بێهزاد مەحموودی هەنووکە لە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێرە و دەگوترێ کە دۆخی تەندروستیی ناوبراو جێگیر نییە.