کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەرمەزارکردنی هەڵوێستی نەتەوەیەکگرتووەکان لەلایەن کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانەوە

15:48 - 29 بانەمەڕ 2721

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، لە هەمبەر خۆسووتاندنی "بێهزاد مەحموودی" و تەواوی پەناخوازانی خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، داوای هەڵوێستی ڕوونی نەتەوە یەکگرتووەکان و بێدەنگی و گوێ نەگرتن لە داخوازیی پەناخوازان لە لایەن ئەو ناوەندە جیهانییەوە دەکا و بە توندی شەرمەزاریان دەکا. بێهزاد مەحموودی تەنیا یەکێک لەو پەنابەرانەیە کە بە ساڵانە لە باشووری کوردستان ماونەتەوە و هیچ ڕێگە چارەیەکی یاسایی بۆ نیشتەجێ بوون یان گواستنەوەیان بۆ وڵاتی سێهەم ئەنجام نەدراوە و بە سەدان پەناخوازی ڕۆژھەڵاتی کوردستان کە زۆربەیان کەسانی سیاسی و ئەندامی حیزبە سیاسیەکانی کوردستانن، ئێستا لە هەرێمی کوردستان گیریان کردووە و نەتەوەیەکگرتووەکان هیچ هەوڵێکی بۆ چارەسەرکردنی گرفتی ئەمنی و ژیانی ئەو کەسانە نەداوە و چاوی خۆی بەسەر دۆخی ئەو پەناخوازانەدا بەستووە. ئەوە لە کاتێکدایە کە تا ئێستا بە دەیان کەس لەو پەناخوازانە یان تێرۆر کراون و یان لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە ڕفێندارون و دواتر لە بەندیخانەکانی ڕێژیمی ئێران بەندکراون، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، داوا لە نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە باشووری کوردستان دەکا کە، پێداچوونەوە بکا بە ئەرک و چالاکییەکانی و ڕۆڵی خۆی لەهەمبەر چارەسەرکردنی کێشەی پەناخوازانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بەجێبگەیەنێت.