کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشارخستنە سەر بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکان لە مەهاباد بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنەکان

02:59 - 30 بانەمەڕ 2721

ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری مەهاباد، لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە مەبەستی بەشداریی لە هەڵبژاردنەکان، گوشاری خستۆتە سەر بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکانی ئەو شارە. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ئیدارەی ئیلاعاتی ڕێژیم لە شاری مەهاباد لە ڕێگای تەلەفۆن، کورتەنامە و بانگکردن، گوشاری خستۆتە سەر بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکانی ئەو شارە کە بۆ بەشداریکردن و هاوکاریکردن لە بەڕێوەچوونی شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری و شۆرای شار، ئامادەیی خۆیان دەرببڕن. بە گوێرەی زانیارییەکان، مۆرە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم سەرەتا بە شێوازی هاندان و دواتر لە ڕێگای هەڕەشەکردن، لە هەوڵی ئەوە دان کە بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکانی شاری مەهاباد ناچار بە هاوکاریکردن لە بەڕێوەچوونی شانۆی هەڵبژادنەکاندا بکەن و لە ڕۆژی دەنگدان لە ڕێگای لێدوان و وتووێژ لەگەڵ دەنگوڕەنگی ڕێژیم، گڕوتین بە شانۆی هەڵبژاردنەکان ببەخشن. جێی ئاماژەیە کە زۆربەی مامۆستا و بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکانی مەهاباد سەرەڕای هەڕەشە و گوشارەکان، وڵامی ئەو داواکارییەی ئیدارەی ئیتلاعاتیان نەداوەتەوە.