کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و خۆشناوی شاری شنۆ

04:05 - 30 بانەمەڕ 2721

"حاجی قادر ڕۆستەمی"، پێشمەرگەی دێرینی سەردەمی کۆماری کوردستان و کەسایەتیی خۆشناو و نیشتمانپەروەری ناوچەی شنۆ، ماڵاوایی لە ژیان کرد. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ۲۸ی بانەمەڕی ۱٤۰۰ی هەتاوی حاجی قادر ڕۆستەمی، پێشمەرگەی فیداکاری سەردەمی کۆماری کوردستان بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری شنۆ، دڵە پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت. خوالێخۆشبوو "حاجی قادر"، دوای ڕووخانی دەسەڵاتی پەهلەوی و هاتنە سەر کاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیش، هەردەم وەفادار بە بزاڤی ڕزگاریخوازانەی کوردستان بووە و لەو پێناوشدا، دوو کوڕی ناوبراو بەهۆی پەروەردەی کوردانەی باوکیان، یەکێکیان بۆ ماوەی ۱٥ ساڵ و یەکێکیانیش بۆ ماوەی ٤ ساڵ لە بەندیخانەی دەریای ورمێ زیندانی کراون. شایانی باسە کە حاجی قادر، هەردەم خەمخۆری زیندانیانی سیاسیی بەندیخانەی دەریای ورمێ بووە و هەرجارە و لەکاتی سەردانی کوڕەکانی لە بەندیخانە، ورە و باوەڕی بە باقیی زیندانیانی سیاسی لەو بەندیخانەیە بەخشیووە. ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەبۆنەی کۆچی دوایی حاجی قادر ڕۆستەمی، سەرەخۆشی لە بنەماڵە بەڕێزەکەی و سەرجەم خەڵکی ناوچەی شنۆ دەکا و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.