کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵەکانی جۆ بایدێن بۆ ڕاستکردنەوەی سیاسەتی ترامپ سەبارەت بە کوردەکانی سووریە

16:09 - 1 جۆزەردان 2721

بڵاوکراوەی ئەلمانیتۆر نووسی: دەوڵەتی جۆ بایدێن بۆ هێشتنەوەی ٩٠٠ هێزی سەربازیی، بە تایبەت لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکانی ڕۆژاوا ڕەزامەندی دەربڕی. بڵاوکراوەی ئەمریکایی ئەلمانیتۆر لە زاری سەرچاوەکانی خۆیەوە ڕایگەیاند کە دەوڵەتی جۆ بایدێن دەورەی یەکساڵەی لێخۆشبوون لە کۆمپانیای نەوتی "دێلتا کرێسنێت"ی ئەو وڵاتەی لە گەمارۆکانی ئەمریکا بەدژی سووریە درێژ نەکردەوە. دەوڵەتی بایدێن بەو کۆمپانیا ئەمریکاییە کە لە دەورانی سەرۆککۆماری ترامپدا بۆ پاڵاوتنی نەوتی خاو لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکانی سووریە کاری دەکرد ٣٠ ڕۆژی مۆڵەت داوە تا کۆتایی بە چالاکیی خۆی لەو ناوچەیە بهێنێ. شایانی باسە کە دۆناڵد ترامپ ساڵی ٢٠١٩ پاش ئەوەیکە هێزەکانی ئەمریکایی بە قازانجی هێزەکانی تورکیە، ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی سەرێکانی و گرێسپی لە باکووری سووریەیان بەجێهێشت، جەختی لەسەر ئەوە کردبووە کە هێزەکانی ئەمریکا تەنیا بۆ پاراستنی نەوتی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکان لە سووریە دەمێننەوە. ئەلمانیتۆر نووسی: کە وەفدێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە دوایین سەفەری خۆیان بۆ سووریە و چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی کورد وتیان: ئەمریکا لەبەر خەڵک لە سووریە دەمێنێتەوە نەوەکوو لەبەر نەوتی ئەو ناوچەیە،و بەڵێنی پێدان کە هاوکاری ناوچە خۆبەڕێوەبەرییەکانی کورد لەو وڵاتەدا ببێ و بۆ پشتیوانی کردن لە کوردەکانی سووریە ٩٠٠ هێزی سەربازیی ئەمریکا لەوێ بمێننەوە و هەوڵی ئەوەش دەدا کە لە نێوان هێزەکانی سیاسیی کوردی زاڵ بەسەر باکووری ڕۆژاوای سووریە و ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی سووریە، ڕێککەوتنێک بۆ دابەشکردنی دەسەڵات ئەنجام بدا و هەروەها ٥٠ میلیۆن دۆلاری لە سەرچاوەی دابینکراو بۆ پاراستنی سەقامگیریی لە باکووری سووریە ئازاد کرد.