کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەربەرز وەک دوندی قەندیل (ژیان و بەسەرهاتی قادری حاجی عەوڵا)

17:15 - 1 جۆزەردان 2721

کورد وەک نەتەوەیەک چارەنووس و مافی ژیانی لەژێر پۆستاڵی دیکتاتۆران و کۆنەپەرستاندا پێشێل کراوە و دەیهەوێ بەسەربەستی بژی. شۆڕشگیڕانی کورد خەبات دەکەن هەتا تیشکی دێموکراسی و مافی دیاری‌کردنی چارەنووس لە کوردستاندا وڵات ڕووناک بکا. خەباتی شۆڕەسواران وشۆڕشگێڕانی کورد لە پێناوی ئەم ئامانج و مەبەستەدایە و، زۆر شۆڕەلاوی بەئەمەگ بۆ گەیشتن بە ڕێبازی سووری شەهیدان و وەدیهاتنی ئاواتی نەتەوەکەیان، گیانیان داناوە. زۆر دایکی زەحمەتکێش و پڕلە خۆشەویستی جەرگیان بڕاوە، زۆر باوک ئەسرینیان بە ڕوومەتدا هاتۆتە خوارێ، زۆر بووک ڕەشپۆش و زۆر دەسگیران بە مراد نەگەیشتوون، هەموو ئەوانە بۆ ئەوە بووە کە نەسڵی داهاتوو لە بەروبوی ئازادی بخوا و بە سەربەستی و ئازادی لە نیشتمانی ڕزگارکراویدا بژی. یەکێک لەو گەنجانە کە خۆی فیدای کوردستانی خۆڕاگر کرد و لە هەگبەی "شۆڕش و شاخ"ی ئەمجارەدا ئاوڕ لە ژیان و بەسەرهاتی دەدرێتەوە، شەهید قادری حەسەن‌پوور ناسراو بە قادری حاجی عەوڵایە. شەهید قادر حەسەن‌پوور ساڵی‌ ١٣٤٦ی‌ هه‌تاوی‌ له‌ داوێنی‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی‌ وەرزێر له‌ گوندی‌ پەسوێی ناوچەی پیرانشار له‌دایك بوو‌. ئەو هەتا قۆناغی ناوەندی خوێندی. ژیانی‌ پڕ له‌ ڕه‌نج و مەینه‌ت ‌و زه‌بروزه‌نگی‌ هێزه‌ سه‌ركوتكه‌ره‌كانی‌ ڕێژیمی‌ ئیسلامی ‌‌و سیاسه‌ته‌ دژ به‌ كورده‌كانی‌ ئه‌و ڕێژیمه‌ ئه‌ویان هان دا به‌ مه‌به‌ستی‌ خه‌بات دژی‌ کۆماری ئیسلامی لە ساڵی‌ ١٣٦٦دا ڕوو بكاته‌ نێو ڕیزی‌ تێكۆشه‌رانی‌ حیزبی‌ دێموكرات و لە هێزی پێشەوا سازمان درا. قادر لە کاتێکدا تێکۆشانی پێشمەرگانەی دەست پێ کرد کە ناوچە بە تەواوی میلیتاریزە و ئەرکی پێشمەرگایەتی زۆر قورس بوو. ئەو بە هه‌موو توانا و لێوه‌شاوه‌یی،‌ خۆی‌ بۆ خزمه‌تی‌ حیزب‌ و گه‌له‌كه‌ی‌ ته‌رخان كرد و توانی زۆر زوو جێگای‌ خۆی‌ له‌نێو هاوسه‌نگه‌رانیدا بكاته‌وه‌. قادر له‌ماوه‌یه‌كی‌ كورتدا نیشانی‌ دا كه‌ ڕۆڵه‌ی‌ حیزبی‌ دێموكراته‌‌ و قه‌ت سه‌ر بۆ دوژمن دانانه‌وێنێ‌. ئەو له‌ شه‌ڕه‌كانی‌ ناوچه‌‌ی مەهاباد ڕۆڵی باشی گێڕا، هەر بۆیە سه‌رنجی‌ پێشمه‌رگه‌كانیشی‌ بۆلای‌ خۆی‌ ڕاكێشابوو. شەڕە بە ناوبانگەکانی ناوچەی مەهاباد بیرهێنەرەوەی ئەو قارەمانەتیەن کە قادر لە ڕیزی پێشەوەی هاوسەنگەرانیدا سەنگەری دەگرت ‌و بە ئیرادەی لەشکاننەهاتوویەوە بەکرێگێراوانی کۆنەپەرەستی بەچۆک‌دا دەهێنا. هەر ئەو تایبەتمەندیانە وای کرد کە قادر بەرپرسایەتی پێ بدرێ و لەو مەیدانەشدا شانی وەبەر کار دا و زۆر ڕووسوور لە مەیدان هاتەدەر. شەهید قادر پاش چەند ساڵ پێشمەرگایەتی لە ناوچەی مەهاباد بە هۆی کاری حیزبی و پێویستی تەشکیلاتی بەڕێی هێزی قەندیل کرا و لەو هێزەش وەک چاوەڕوان دەکرا ناوبانگی دەرکرد. ئەو کوڕێک بوو توندوتۆڵ، بە ورە، کارامە ‌و بە نەزم‌و دیسیپلین. قادری حاجی عەوڵا کە ئەرکی فەرماندەری لکی پێ سپێردرابوو بەکردەوە سەلماندی کە شیاوی ئەو پلە و بەرپرسایەتیەیە و، بەکردەوەی جوامێرانەی دەرسی خۆڕاگری ‌‌و نەترسی ‌و ئیمان بە رێباز و ئامانجی فێری هاوسەنگەرانی دەکرد. رۆژی ٢٧ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوی کوێستانەکانی قەندیل و مەیدانان لە ناوچەی پیرانشار ڕەشانگیان تێ کەوتبوو، مەڕداران لە کویستانەکان بارگەوبنەیان بڵاو کردبۆوە، جووتیاران خەریکی کاری وەرزێری بوون. لەو کاتەدا حەوت پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بۆ کار و مەئموورییەتی حیزبی دۆڵ و چیاکانی مەڵبەندی پیرانشاریان دەبڕی و بەرەو قۆڵایی ناوچەکانی کوردستان هەنگاویان دەنا. بێ‌خەبەر لەوەی کە سیخوڕ و بەکرێگیراوانی کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامی داویان بۆ داناونەوە. دەمەوئێوارێ حەوت تێکۆشەری دێموکرات لە پڕ کەوتنە کەمینی خائینان. هێزی کۆنەپەرەستی، لە هەموو لایەک بەر دەسڕێژیان دان، کوڕانی دێموکرات وەک هەمیشە زوو لێیان وەدەست هاتن وشەڕێکی نابەرابەر و خوێناوی دەستی پێ کرد. دوژمن تا دەهات گەمارۆی توندتر دەکرد، پاش چەند سەعات شەڕ، بەداخەوە قادر حەسەن‌پوور ناسراو بە قادری حاجی عەوڵا لەگەڵ پێنج کەس لە هاوڕێیەکانی بە ناوەکانی سیامەک نیزامی، حوسێن فەتحوڵڵاهی، مەحموود ئیسماعیلی، مراد دەریازی و ئەحمەد بابەکە گیانیان کردە قوربانی و بۆ هەمیشە چاویان لەسەر یەک دانا. تا کات پتر تێدەپەرێ، کەڵبچەی گەمارۆش پتر لە مەتەرێزت توند دەکرێ، دەست هەڵێنە، ئاسمان شایەتی حاڵتە، شاخ شایەتی خۆڕاگریتە، مەتەرێزیش بۆ نەبەزیت، دەست هەڵێنە، لەنێو گەرووی گەمارۆی تەنگ، یەکێ قەڵەمی گرتوە ئەوی تریان ماشەی تفەنگ، جاسووس بەرەو سینگی دوژمن لەگەڕ دایە، دەست هەڵنایە، دڵت هێندە ئاواڵەیە، بە باڵای هەموو دونیایە، هەتا دوا کات، خوێنی دوو قاچی پێکراوت، دەبەخشی بە کوردستان و هەتا دوا کات، دەجەنگێ بۆ کوردستان و هەتا دوا کات، دەنووسێ بۆ کوردستانت، دەست هەڵنایە، گوللە گوللە سینگی دوژمن دەپێکێ ‌و، دوایین گوللەش لەنێو سینگی خۆت‌دایە، دەست هەڵنایە، سەرت بەرزە وەکوو دوندی قەندیل وایە، دەست هەڵنایە، چۆن هەڵبێ؟ لە سبەینێی ئەمڕۆکە سەر هەڵنایە....