کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێداگریی بەرپرسانی ڕێژیم لەسەر سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ

11:44 - 8 بانەمەڕ 2724

نزیکەی دوو حەفتە بەسەر دەستپێکی شەپۆلی نوێی سەرکوت و توندوتیژی دژی ژنان لەژێر ناوی گەڵاڵەی نوور بۆ سەپاندنی حیجابی زۆرەمڵێ تێدەپەڕیت و دەسەڵاتدارانی ڕێژیم سەرەڕای کاردانەوە نێوخۆیی و جیهانییەکان دژ بەو ڕەوتە، پێداگری لەسەر سەرکوتی ژنان دەکەنەوە.

پاسدار ئەحمەدرەزا ڕادان، فەرماندەی گشتیی هێزی ئینتزامیی ڕێژیم، کردەوەی پۆلیسی دژ بە حیجاب بە تەواوەتی یاسایی ناو برد و دەستخۆشی لە پاڵپشتیی هەمەلایەنە و کردەیی عەقیدەتی سیاسی و حیفازەتی ئیتلاعات لە جێبەجێکردنی گەڵاڵەی نوور کرد.

لەو پێوەندییەدا ناسر مەکارمی شیرازی، مەرجەعی تەقلیدی شیعە، لە پەیامێکدا پشتگیریی لە گەڵاڵەی سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ بەسەر ژناندا کردووە و بە ئەحمەدڕەزا ڕادانی ڕاگەیاندووە: " بەهێزەوە لەسەر ئەم گەڵاڵەیە بەردەوام بن و سست مەبن .

ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەرمانان، کۆماری ئیسلامیی ئێران لەژێر ناوی گەڵاڵەی نوور هێزەکانی پۆلیس و بەسیج و هێزە لیباس شەخسییەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ژنانەی کە حیجابی زۆرەملێ لەبەرچاو ناگرن، خستووتە ئامادەباشییەوە و تا ئێستا چەندین ڕاپۆرت لەسەر هەڵسوکەوتی توندوتیژانەی هێزەکانی ڕێژیم لەگەڵ کچان و ژنان بڵاو کراوەتەوە.

سەرکوت و توندوتیژییەکانی کۆماری ئیسلامی دژ بە ژنان، نیگەرانیی پێک هێناوە و تا ئێستا چەندین ڕێکخراوی نێونەتەوەیی و ناوەندی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ دژ بەو سیاسەتەی ڕێژیم ڕاگەیەندراویان بڵاو کردووەتەوە و ئەو هەڵسوکەوتانەی کۆماری ئیسلامییان مەحکووم کردووە.