کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤ داوای لە ئێران کرد کۆتایی بە سەرکوتی ژنان بهێنێت

11:20 - 8 بانەمەڕ 2724

کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان چڕبوونەوەی سەرکوتی ژنان لە ئێران بەمەبەستی سەپاندنی حیجابی زۆرەملێی مەحکووم کرد و داوای لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد کۆتایی بەم سەرکوتە بهێنێت.

جێرمی لۆرانس، وتەبێژی کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤ لە دانیشتێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕۆژی هەینی ٧ی بانەمەڕ لە ژنێڤ وتی: 'دوابەدوای ئەو ڕاپۆرتانەی کە بەدەستیان هێناوە، ژنان و کچانی گەنج لە ئێران کە زۆربەیان تەمەنیان لە نێوان ١٥ و ١٧ ساڵدایە زیاتر لە جاران لە شەقامەکانی ئێران دەسبەسەر دەکرێن و هەڵسوکەوتی خراپییان لەگەڵ دەکرێت.

ناوبراو زیادی کردووە کە سەدان شیرکەت لەم چوارچێوەیەدا داخراون، چونکە یاسای زۆرەملێ یان بەکارهێنانی کامێرای چاودێری بۆ ناسینەوەی شۆفێرانی بێ حیجابیان لەبەرچاو نەگرتووە.

هاوکات کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤ داوای لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کردووە کە حوکمی لەسێدارەدانی تووماج ساڵحی هەڵبوەشێننەوە کە بەهۆی پشتیوانی لە بزووتنەوەی ژنان لەلایەن دادگای ئینقلابی ئێسفەهانەوە حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپاوە.