کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژران و برینداربوونی ٣٤ کۆڵبەر و بەندکرانی ٩٦ چالاکی سیاسی لە دوو مانگی سەرەتای ساڵدا

16:15 - 2 جۆزەردان 2721

لە ماوەی دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٣٤ کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بە دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی، یان بەربوونەوە لە بەرزایی لە سۆنگەی راوەدوونانیان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە کوژراون یان بریندار بوون. بەپێی ڕاپۆرتی “چاونیوز” لەو ٣٤ کۆڵبەرە ٨ کەسیان کوژراون و ٢٦ کۆڵبەریش بریندار بوون. لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی ٢٥ی خاکەلێوە هێزە چەکدارەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی پەلاماری گوندی “مولیک”ی ماکۆیان دا و دەستڕێژیان لە کەسێک بە ناوی “ئەحمەد ئارسەن” کرد و کوشتیان. هەروەها ڕۆژی هەینی ٢٧ی خاکەلێوە، هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە گەڕەکێکی شارۆچکەی ڕەبەت چەند کەسیان داوەتە بەر دەستڕێژ کە لە ئاکامدا کەسێک بە ناوی “خالید ڕەسووڵی” کوژراوە و کەسێکیش بە ناوی “ئیبراهیم عەلی” بە توندیی بریندار بووە. کوژران و برینداربوونی ٣٤ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە وەرزی بەهاری ئەمساڵ لە حاڵێک‌دایە کە لە ماوەی ساڵی ڕابردووش‌دا ٢٢٦ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ، تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی لە سۆنگەی ڕاوەدوونان و هەروەها ڕەق‌هەڵاتن لە سەرما کوژرابوون یان بریندار ببوون. بەپێی ڕاپۆرتی “چاونیوز” لەو ٢٢٦ قوربانییەی دەستی غەدر و تاوان ٨٠ کەسیان کوژرابوون و ١٤٦ کەسیش بریندار بوون. هەروەها ٧ شوانکارە و چۆداریش لە ناوچە سنوورییەکان بەئانقەست لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە درابوونە بەر دەستڕێژ و گیانیان لێ ئەستێندرابوو. هەر لە ماوەی ئەم دوو مانگەدا ٩٦ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتیی و سیاسیی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیراون. ژمارەیەک لەوان دوای لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکان تا کاتی دادگاییکرانیان بە دانانی بارمتە ئازاد کراون و ٢٠ کەس لەوان حوکمی ساڵێک و دوو مانگ هەتا ٤٠ ساڵ (سەرجەم ٢٠٤٩ مانگ، واتە ١٧٠ ساڵ و ٩ مانگ) زیندانیان بەسەردا سەپاوە. هەروەها دوو بەندکراوی کورد لە زیندانەکانی ورمێ و کرماشان یەکیان بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکیی و ئەویتریان لەژێر ئەشکەنجەدا کوژراون.