کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی دوو ڕۆژنامەنووسی ئیلامی لەلایەن ڕێژیمەوە

15:42 - 2 جۆزەردان 2721

دوو ڕۆژنامەنووسی کورد لە پارێزگای ئیلام بە ناوەکانی "ئەمین محەممەدی و کاوە مێهدی‌پوور" لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون. بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان "چاونیوز"، لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کاوە(نەجەف) مێهدی‌پوور، ڕۆژنامەنووسی خەڵکی "دەڕەشار"ـی سەر بە پارێزگای ئیلام بە فەرمانی قازی "سۆهرابی زاده مەلەکشاهی" سەرۆکی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لەو شارە، دەسبەسەر کراوە. بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە بەهۆی بڵاوکردنەوەی بابەتێکی ڕخنەگرانە لەسەر چالاکییەکانی "ئیبراهیم ڕەئیسی" سەرۆکی دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێران و بەربژێری سەرۆککۆماریی ئەو وڵاتە دەسبەسەر کراوە. هەروەها کاوە مێهدی پوور، ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی دەسبەسەر و بە تۆمەتی بێڕێزی بە عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو و دوای تەواوبوونی سزای بەندکرانەکەی، ئازاد کرابوو. لەلایەکی دیکەشەوە چەند ڕۆژ لەمەوبەر، "ئەمین محەممەدی"، ڕۆژنامەنووسی خەڵکی "هەلیلان"ـی سەر بە پارێزگای ئیلام بە فەرمانی دادگای ڕێژیم لەو شارە دەسبەسەر کراوە. ناوبراو یەکێک لە ڕۆژنامەنووسە چالاکەکانی ئیلامە و دوای ئەوەی لەلایەن فەرمانگەیەکی حکوومەتییەوە لە شاری "ئەیوان" سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە، دەسبەسەر کراوە و ئەو ڕۆژنامە نووسە دوای دەسبەسەرکرانی بە فەرمانی سەرۆکی دەزگای قەزایی ڕێژیم لە ئیلام بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی شاری ئەیوان گوازراوەتەوە.