کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو پەناخوازی کورد لە وڵاتی یونان گیانیان لەدەستدا

15:36 - 17 جۆزەردان 2721

لە وڵاتی یونان بەهۆی وەرگەڕانی ماشێنێک کە پەنابەرانی دەگواستەوە، دوو پەناخوازی خەڵکی شاری مەریوان گیانیان لەدەستدا. بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی یونان، کاتژمێر ٦ی بەیانی ڕۆژی شەممە ١٥ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی بەهۆی وەرگەڕانی ماشێنێکی هەڵگری پەناخوازان لە شاری “کاوالا”ی وڵاتی یونان ٤ پەناخواز گیانیان لەدەستداوە و ٤ کەسی دیکەش بریندار بوون. سەرچاوە هەواڵییەکان باس لەوە دەکەن کە دوو کەس لەو پەناخوازانەی کە گیانیان لەدەستداوە بە ناوەکانی “موحسێن ئەحمەدی” و “ڕزگار قوربانی” خەڵکی مەریوان بوون و هەروەها، برای موحسێن بە ناوی لوقمان ئەحمەدی بە سەختی بریندار بووە و لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە. بە وتەی یەکێک لە پەناخوازەکان، پۆلیسی یۆنان بە دوای ماشێنی هەڵگری ئەو پەنابەرانە کەوتووە و ماشێنەکەش بەهۆی خێرایی زۆرەوە وەرگەڕاوە. ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای سەرخۆشی وهاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی کوژراوانی ئەو ڕووداوە لە شاری مەریوان، هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازێت.