کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بلومبێرگ: مژاری قەدەغەکردنی هەدەپە تووڕەبوونی جۆ بایدێنی لێدەکەوێتەوە

14:33 - 18 جۆزەردان 2721

بلۆمبێرگ هۆشداریی دا کە ئەگەر سەرلەنوێ دژی هەدەپە و بە مەبەستی قەدەغەکردنی ئەو پارتە تاوانێک ڕابگەیەندرێت ئەو بابەتە پێش دیداری نێوان سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکی تورکیە، تووڕەیی بایدێنی لێدەکەوێتەوە. لە کاتێکدا کە بڕیارە حەوتووی داهاتوو جۆ بایدێن سەرۆکی ئەمریکا و ڕەجەب تەیێب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیە لە برۆکسێل دیدار بکەن، میدیاکانی تورکیە باس لەوە دەکەن کە داوای سزایێکی 850 لاپەڕەیی دژی پارتی دێموکراتیکی گەلان بۆ دادگا بەرز کراوەتەوە و مەبەستی داواکارییەکەش قەدەغەکردنی چالاکیی ئەو پارتە و سیاسەتوانە کوردەکانە. جۆ بایدێن لە ڕابردوودا لەبارەی لێکەوتە خراپەکانی گوشاری تورکیە دژی ئۆپۆزیسیۆن هۆشداریی دابوو. ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ نووسی: پێشکەشکردنی دوبارەی داواکاریی سزادان و هەڵوەشانەوەی چالاکیی پارتی دێموکراتیکی گەلان نەخوازەڵا یەک حەوتوو پێش دیداری نێوان بایدێن و ئەردۆغان دەتوانێ تووڕەبوونی سەرۆکی ئەمریکای لێبکەوێتەوە. ئەو هەواڵدەرییە هۆشداریی ئەوەشی داوە کە کاری لەو شێوەیە دەتوانێت بە مانای داڕمانی زیاتری لیری تورکیە بێ و کێشە دارایییەکانی تورکیە بە سەرۆکایەتیی ئەردۆغان زیاتر بکات. بلۆمبێرگ ئەوەشی بیر هێناوەتەوە کە هێرشی ئەم دواییەی تورکیە بۆ سەر کەمپی مەخموور بە بیانووی ڕووبەڕووبوونەوەی پەکەکە نیگەرانیی ئەمریکای لەبارەی دروستبوونی مەترسی لەسەر دانیشتووانی کامپەکە لێکەوتۆتەوە.