کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی پیرانشار لەهەمبەر تێکدانی ژینگەی گوندی خورینج

16:46 - 19 جۆزەردان 2721

ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی پیرانشار، لەسەر ڕۆچوونی زەوی لە دەورووبەری گوندی "خورینج"ـی ئەو شارە، بەهۆی بەتاڵانبردنی ئاوی ژێرزەوی و هەڵکەندی زیاتر لە ١٠ چاڵاوی قووڵ لەلایەن کۆمپانیایەکی سەر بە سپای پاسدارانەوە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاندووە ئەو کارە هەڕەشەیەکی مەترسیدارە. ڕۆژی سێشەممە ١٨ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی پیرانشار لەهەمبەر تێکدانی ژینگەی گوندی خورینج سەر بە شاری پیرانشار ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و نووسی: کۆمپانیای "فاتێر" کە سەر بە گرووپی کۆمپانیاکانی دروستکردنی بەنداوی "خاتەمۆلئەنبیا"یە، لە دەورووبەری گوندی "خورینج" زیاتر لە ١٠ چاڵاوی قووڵیان لێداوە و ئاوی ژێر زەوی ئەو ناوچەیان گواستۆتەوە تۆنێلی گواستنەوەی ئاوی بەنداوی کانی‌سێو بۆ گۆلی ورمێ، هەر ئەوەش بووتە هۆی ئەوەیکە زەوییەکانی ئەو ناوچەیە ڕۆبچن و کارەساتی ژینگەیی لێ بکەوێتەوە. لە درێژەی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە: زانایان و کارناسانی خاک و ژینگە ڕۆچوونی زەوی بە مردنی لەسەرخۆی زەوی دەزانن و لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەو دیاردەیە هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ ژینگەی ئەو ناوچەیە، بەو هۆکارەی کە، ئاوی ژێرزەوی لە بواری "ئێکۆلۆژیکی"ـیەوە زۆر گرینگە و دەبێتە هۆی مانەوەی ڕووبار، تاڵاو، دەریاکان و هەروەها ئێکۆسیستمەکانی ژێرزەوی و دەبێتە پشتیوانییەکی باش بۆ زەوی و لە ڕۆچوون دەیپارێزێ. ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی پیرانشار، لەو ڕاگەیەندراوەدا ئاماژە بەوە دەکا کە، ڕۆچوونی زەوی کە بە مردنی لەسەرەخۆی زەوی ناسراوە، کاتێک ڕوو دەدا کە بڕێکی زۆری ئاوی ژێرزەوی هەڵگیرێ و بۆشایی لەژێر زەوی دروست بکرێ و لە ئاکامدا دەبێتە هۆی ڕۆچوونی زەوی و، ئاکامی ئەم کارەساتە ژینگەییە لە گوندی خورینج وەکوو درزی گەورە شوێنی خۆی کردووتەوە و زەوییەکی بەرفراوان لەو ناوچەیە ڕۆچووە.