کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی مەڵبەندی ١٤ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان

21:48 - 20 جۆزەردان 2721

هەیئەتێکی مەڵبەندی ١٤ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد. ڕۆژی ١٩ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی بەرانبەر بە ٩ی ژوئنی ٢٠٢١ی زایینی هەیئەتێکی مەڵبەندی ١٤ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرەستی بەڕێز ئەبوو زەید لێپرسراوی مەڵبەندی ١٤ سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان کرد و لە لایەن بەڕێزان مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن زادە کەسایەتی ناسراو و تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان و مستەفا مەولوودی جێگری سکرتێری گشتیی حیزب و وەڤدێکی یاوەری پێشوازییان لێکرا. لەو دیدارە دۆستانەیەدا باس لە پێوەندیی و دۆستایەتی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستان و بناغەی ئەو دۆستایەتییە کرا کە لەسەر دەستی نەمران مام جەلال تاڵەبانی و دوکتۆر عەبدلڕەحمان قاسملوو دامەزراوە. لە بەشێکی ئەو دیدارەدا باس لە دۆخی ئەمڕۆی کوردستان و ئەو پێشهات و تەنگژانە کرا کە گەلی کورد لەگەڵیان بەرەوڕوویە. هەروەها باس لە یەکڕیزی و یەک‌هەڵوێستیی کورد کرا کە زامنی سەرەکیی سەرکەوتنی گەلەکەمانە و هەموو لایەک بە پەرۆش و خەمخۆرییەوە باسیان لە چارەنووس و داهاتوو و دۆزی ڕەوای گەلی کورد کرد. لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا پێداگریی لەسەر دۆستایەتیی و پێوەندیی نێوان دوو لایەن کرایەوە و بەردەوامیی پێوەندییەکان ئارەزووی هەر دوو لایەنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو.