کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی خوشکی سێ شەهیدی کوردستان لە ناوچەی هەورامان

15:27 - 22 جۆزەردان 2721

خوشکی سێ شەهیدی کوردستان بە ناوی "مریەم حوسێنی" لە گوندی خانەگای ناوچەی هەورامان بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ماوەی چەند ڕۆژ لەمەوبەر خوشکە مریەم حوسێنی خوشکی سێ شەهیدی سەربەرزی ڕێبازی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە گوندی "خانەگا"ـی ناوچەی هەورامان دڵە پڕ لە هیواکەی لەلێدان کەوت و بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە کەسوکار و ڕێبازی پڕ لە ڕێبواری برا شەهیدەکانی کرد. خاتوو مەریەم لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەری "ئێناخی"ـی گوندی خانەگای ناوچەی هەورامان لە دایک بووە، ئەو بنەماڵەیە خاوەن گەلێک قارەمانەتی و بەربەرکانێی دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بوون و لەپێناو گەل و نیشتمانی خۆیاندا بەردەوام خزمەتی پێشمەرگە و حیزبی دێموکراتیان کردووە و هەمیشە وەفادار بوونە بە ڕێبازی شەهیداکانیان و درێژەدەری ڕێگەیان بوون. سێ قارەمانی خۆنەویست لەو بنەماڵەیە "شەهیدان لەتیف، ئیبراهیم و سەفیار"یان لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا فیداکارانە گیانی خۆیان فیدای ئازادی کوردستان کورد و دوو برای دیکە بۆ ماوەیەک کەوتنە بەر ئازارو ئەشکەنجەی جەللادەکانی کۆماری ئیسلامی لە بەندیخانەکان. لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بەبۆنەی کۆچی دوایی خاتوو مریەم حوسێنی، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێز و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکا و خۆی بەشەریکی خەمیان دەزانێ.