کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیوەست‌‌بوونی پۆلێکی دیکە لە لاوانی کوردستان بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگە

16:12 - 25 جۆزەردان 2721

بە بەشداریی بەشێک لە ئەندامانی ڕێبەریی و کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕێوڕەسمی کۆتایی هاتنی دەورەی ۲٤۲ی سەرەتایی فێرگەی پێگەیاندنی پێشمەرگە بەڕێوەچوو. ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ۲٤ی جۆزەردانی ۱٤۰۰ی هەتاوی، ڕێوڕەسمی پەیوەست‌بوونی پۆلێکی دیکە لە کوڕان و کچانی خۆنەویستی نیشتمان بە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو. ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان دەستیپێکرد. دواتر بەڕێز سامان فەقێ نەبی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، پەیامێکی تایبەت بەو ڕێوڕەسمەی پێشکەش بە بەشداربوان کرد. ناوبراو وێڕای پیرۆزبایی لەو پۆلە لاوە شۆڕشگێرە، لە بەشێک لە قسەکانیدا ئاماژەی بە ڕۆل و خەسڵەتی پێکهاتەشکێنی پێشمەرگە کرد و فرەڕەهەندیی ئەرک و تێکۆشانی پێشمەرگەی لە چەند خاڵێکدا هێنایە بەر باس. کاک سامان فەقێ نەبی لە درێژەی پەیامەکەیدا، تیشکی خستە سەر گرینگیی مژاری بایکۆت کردنی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی ڕێژیم و شۆرای شار و گوندەکان و هەروەها هەڵوێستەی لەسەر داهاتووی بەرەی بەناو ڕێفۆرمخوازیی نێو پێکهاتەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کرد و تیشکی خستە سەر دوورەدیمەنی خەباتی جەماوەریی لە نێوخۆی وڵاتدا. ناوبراو زێدەخوازیی ئیدئۆلۆژیک و ڕەفتاری شەڕانگێزانە و نەگونجاوی کۆماری ئیسلامی لە مامەڵە ناوچەییەکاندا و هەروەها سیستێمی گەندەڵ و نیزامی ئابووریی ڕانتی ئەو ڕێژیمەی بە هۆکاری سەرەکی ڕووخانی ئەو دەسەڵاتە لە داهاتوویەکی نزیکدا زانی. دواتر سروودێکی شۆڕشگێری لەلایەن بەشداربووانی دەورەی ۲٤۲ی سەرەتایی پێشمەرگە خوێندرایەوە و پاشان گۆرانییەک لەلایەن بەشداربووی دەورە ئیدریس بەهرامی جاف، پێشکەش بە ئامادەبووان کرا. لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا، پەیامی دەورەی ۲٤۲ی سەرەتایی پێشمەرگە، لەلایەن بەشداربووی دەورە، سەروەر بەهرامی‌وەند خوێندرایەوە. دواتر گۆرانییەک لەلایەن سامان کەرەمیان و یوونس فەتحی پوور، لە بەشداربووانی دەورە، پێشکەش کرا و لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەشدا لەلایەن بەڕێز محەممەد شەهڕەوان کادری دێرینی حیزبی دێموکرات، خەڵات بەسەر بەشداربووانی دەورەی ۲٤۲ی سەرەتایی پێشمەرگە دابەش کرا. شایانی باسە کە، ڕێوڕەسمەکە بە هەڵپەڕکێ و شایی بەشداربووان، کۆتایی پێهات.